ڤاکسینەکەی رووسیا ئامادەیە و سبەی بە فەرمی تۆماردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا تەحەددای هەموو جیهان دەکات و دەڵێت بەر لە هەموو وڵاتێک ڤاکسینی بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەکردووە، بڕیارە سبەی بە فەرمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش دەست بە هەڵمەتی کوتان لە دژی کۆرۆنا دەکرێت.
ئۆلیگ گریدنیڤ، جێگری وەزیری تەندروستیی رووسیا رایگەیاند، ئەو ڤاکسینەی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیا و پەیمانگەی گەمالیا بەرهەمهاتووە، لە 12ی ئاب بە فەرمی تۆماردەکرێت.
ڤاکسینەکەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی گەمالیا بەر لە 18ی حوزەیران راگەیێندرا، لە یەکەم هەنگاودا لەسەر 38 خۆبەخش تاقیکرایەوە، هەموو خۆبەخشەکان سیستەمی بەرگریی بەهێزیان دروستکرد، یەکەم گرووپ لە 15ی تەممووز بەڕێکران، دووەم گرووپیش لە 20ی تەممووز.
ئاژانسە رووسییەکان راگەیەندراوێکیان بەناوی حکومەتی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت: "دەبێت 60٪ی رووسەکان بکوترێن، 75٪ی ئەوانەی دەکوترێن لەوانەن کە کۆرۆنا هەڕەشەیە بۆ سەر گیانیان."
راگەیەندراوەکە دەشڵێت، حکومەتی رووسیای فیدڕاڵ دەبێت دڵنیابێت لەوەی هەڵمەتی کوتان لە پایزی 2020 و زستانی 2021 پاڵپشتی دارایی دەکرێن."
بەگوتەی دێنیس مونتورۆڤ، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رووسیا، مۆسکۆ لە هەر مانگێکدا چەندین ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا ئامادەدەکات، پێشبینی بەهێز هەیە ڤاکسینەکە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە هەڵمەتێکی کوتاندا بەکاربهێنرێت.
ڤاکسینەکەی رووسیا سەلامەت و دانپێدانراوە؟
رووسیا دڵی بەم ڤاکسینە خۆشە کە مانگی داهاتوو دەست بە بەرهەمهێنانی دەکرێت، بەڵام هێشتا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دانی پێدانەناوە، ئەمەش مانای وایە پسپۆڕان لە سەلامەتییەکەی دڵنیانین و ئەگەر هەیە هەڕەشە بێت بۆ سەر گیانی ئەوانەی ڤاکسینەکەیان بۆ بەکاردەهێندرێت.
کۆمەڵگەی رێکخراوەکانی کیلینیکی نامەیەکیان بۆ میخایل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی رووسیا ناردووە، لەنامەکەیاندا نووسیویانە، بەبێ دانپێدانانی نێودەوڵەتی تاوەکو سەرەتای ئاب پێکوتەکە لەسەر 100 کەس تاقیکراوەتەوە و بەکارهێنانی لە هەڵمەتێکی گشتیدا لەوانەیە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر گیانی خەڵکی.
سڤیتلانا زاڤیدۆڤا، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە دەڵێت: "باشە بۆ هەموو کۆمپانیاکان پابەندی یاساکانن بەڵام رووسیا نا؟" دەشڵێت: "یاسای تاقیکردنەوەی ڤاکسین لەنێو خوێندا نووسراونەتەوە و نابێت پێشێل بکرێن."
زاڤیدۆڤا دەڵێت "ئەوەی لەبەردەم رووسیایە سندووقی جادووگەرانە و نازانین چی بەسەر خەڵک دەهێنێت لەدوای هەڵمەتی کوتان".
پەلەکردنی وڵاتان لە راگەیاندنی دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، زانایانی نیگەران کردووە،
ئەوان دەڵێن هەنگاونانی هەڕەمەکی بۆ دروستکردنی ڤاکسین، لەوانەیە ئەنجامی پێچەوانەیان لێبکەوێتەوە
لە ئەمریکا هەردوو گەورە کۆمپانیای دەرمان، مۆدێرنا و فایزەر ماوەی چەند مانگێکە دەستیان کردووە بە تاقیکردنەوەی ڤاکسین بەسەر 30 هەزار کەسی خۆبەخش، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ دەرمان بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان گەشبینە.
کۆمپانیای جۆنسن ئەند جۆنسن-یش چەند تاقیکردنەوەیەکی کردووە. هاوکات کۆمپانیای نۆڤاکس بڕی 1.6 ملیار دۆلار لە حکومەتی ئەمریکا وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ڤاکسین و بەڵێنیداوە لە مانگی یەکی ساڵی 2021دا زیاتر لە 100 ملیۆن دانە ڤاکسین بەرهەمبهێنێت.
بەریتانیا و چین و ئەڵمانیا سێ لەو وڵاتانەن کە سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەیان پێشکەوتنی گەورەیان لە بواری بەرهەمهێنانی ڤاکسین بەدەستهێناوە، یەکێک لە پێشکەوتنەکان هی زانکۆی ئۆکسفۆردە کە بەهۆی متمانەیی لە گشت بوارەکاندا خەڵک باوەڕێکی زۆریان پێی هەیە پێکوتەکەی مەترسی لەسەر گیانی مرۆڤ دروستنەکات.