لە بەریتانیا ئامێرێکی نەرم و جیڕ بۆ بەهێزکردنی ئەندامەکانی جەستە دروستدەکرێت

رووداو - تەندروستی 

توێژەرانی بەشی کیمیای زانکۆی کامبریج زنجیرێکی نەرم و جیڕی کارەباییان دروستکرد کە ئەندامەکانی جەستە بەهێز دەکات، توێژەرێک دەڵێت: بۆ چارەسەری نەخۆشیی پارکینسن و ئیفلیجی بەکاردێت.
 
ئەو زنجیرە لە چەند بەشێکی پلاستیکی شێوە جێڵ پێکدێت، زۆر جیڕە و توێژەران دەیانەوێت کاتێک لەنێو جەستە دانرا، وەرگرەکە هەست بە نائاسوودەیی نەکات.
 
د. ستیفێن ئۆنێل، توێژەر دەڵێت ''ئەمە نموونەیەکە لەو پارچە جێڵانەی ئێمە باتری لێ دروستدەکەین، زۆر نەرم و جیڕە وەکو جێڵ، پێنج دانەی لە یەک بدەین، دەتوانین سەرچاوەی هێزی هایدرۆجێڵمان بۆ دروست ببێت.'' 
 
ئامانجی توێژەران ئەوەیە؛ ئەم جێڵە نەرمانە لەبری ئامێری ئەلیکترۆنیی رەق بەکاربهێنن، تاوەکو ئەو کەسەی بۆی دەچێندرێت هەست بە رەقی ئامێرەکە نەکات و جەستەی بەهێزبکات.
 
جەید مەککوین، توێژەر لە زانکۆی کامبریج دەڵێت: ''پێشاندانی توانای کشان بەو مانایەیە کە ئەگەر تۆ لەبەری بکەیت، کشان بە پێست و ماسوولکەکان دەبەخشێت، بەمەش هیچ گۆڕانێک لە ئامێرەکە روونادات، بەهەمان شێوە ئەگەر لە شوێنە بەهێزەکانی وەکو جومگەکان دابنرێت، هەست بەهێزیی راستەقینەی دەکەیت، چونکە مادەیەک کە بەرگەی ئەو هێزە بگرێت، بەڕاستی گرنگە.''
 
ئێستا ئەم داهێنانە کاری لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی لەڕێگەی چاندنی بۆ جەستەی مرۆڤ، هەوکردن و لەرزۆکیی نەخۆشیی پارکینسنیش کەمبکاتەوە و ماسوولکەکانیش بەهێزبکات.