رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریدەخات، خواردنی بڕێکی زۆری شەکر لە تەمەنی منداڵیدا، کاریگەریی نەرێنیی درێژخایەنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت و مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی لە قۆناخی گەورەییدا زیاد دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو منداڵانەی بڕێکی زۆر شەکر دەخۆن، لە داهاتوودا زیاتر رووبەڕووی مەترسییەکانی وەک بەرزە پەستانی خوێن، شەکرە، قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ دەبنەوە. هەروەها، تەندروستیی ددانەکان زیانی زیاتری بەردەکەوێت و ئەگەری کلۆربوونیان زیاد دەکات.
د. تاد ێجا گراک نەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "خواردنی شیرینی لە تەمەنێکی کەمدا وا دەکات حەزی کەسەکە بۆ خواردنی لە تەمەنی گەورەییدا زیاتر بێت، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە منداڵان تا دەکرێت لە شەکر و شیرینی دووربخرێنەوە."
هەروەها لە توێژینەوەیەکی زانکۆی "بریگام یەنگ" لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، هەموو شەکرێک وەک یەک نییە. شەکر بە شلی لە خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە شیرینکراوەکاندا زیاتر تووشی شەکرەت دەکات بەراورد بەو شەکرەی لە خۆراکدا هەیە.
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە چەندین وڵاتی جیاواز کراوە و دەرکەوتووە، شێوازی وەرگرتنی شەکر کاریگەریی جیاوازی لەسەر تەندروستی هەیە، رۆژانە هەر پەرداخێکی 340 میلیلیتری لە خواردنەوە شیرینکراوەکان (وەک خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان)، مەترسیی تووشبوون بە شەکرە بە رێژەی 25% زیاد دەکات.
هەر لە توێژینەوەکەدا هاتووە ئەو شەکرەی کە لەگەڵ ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵ، پرۆتین و چەوریی تەندروستدا دەخورێت، وەک میوەی تەواو یان دانەوێڵە، هەمان کاریگەریی خراپی نییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو پێکهاتانە یارمەتیی هێواشکردنەوەی هەڵمژینی شەکر دەدەن و رێگە نادەن بە شێوەیەکی کتوپڕ ئاستی شەکری خوێن بەرز ببێتەوە. بەلام ئاگاتان لێ بێت ئەمە مانای ئەوە نییە کە سەکری ناو خۆراک زیانی نییە.
دکتۆر کارێن دێلا کۆرتێ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "شەکری شل بە خێرایی دەگاتە جگەر و سیستمی جەستە تێکدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی چەوری لە جگەر و دروستبوونی 'بەرگریی ئەنسۆلین'، کە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی شەکرەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ