پسپۆڕێکی منداڵان: نابێت رۆژانە منداڵ لە شەش کەوچکی چا زیاتر شەکر وەربگرێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان، خواردنی شەکر کاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشک، زیرەکی و توانای فێربوونی منداڵان هەیە و دەبێت رێژەکەی سنووردار بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-9-2025 د. دەروون جەمال، لە بووڵتەنی تەندروستیی رووداودا رایگەیاند، "منداڵانی کەمتر لە دوو ساڵ نابێت شەکر بخۆن، لە تەمەنی دوو ساڵ بەرەو سەرەوە دەکرێت شەکر بدرێت بە منداڵ، بەڵام نابێت لە 25 گرام، واتا لە شەش کەوچکی چا زیاتر وەربگیرێت."
سەبارەت بە کاریگەریی شەکر لەسەر هەڵسوکەوتی منداڵان، پسپۆڕەکە گوتی: زۆر خواردنی شەکر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نەخۆشیی فرەجووڵەیی نییە، بەڵکو ئاوەزی منداڵ، هێز و توانای منداڵەکە گۆڕانکاری بەسەر دێنێت.
د. دەروون جەمال، هۆشداری دا لەبارەی ئەو خواردنەوانەی رێژەیەکی زۆر شەکریان تێدایە و گوتی، "خواردنەوە گازییەکان، وزەبەخشەکان و شەربەتە دەستکردەکان رێژەیەکی زۆر شەکریان تێدایە و مەترسیدارن."
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە شەکر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەشەی مێشکی منداڵ هەیە و روونیکردەوە، "شەکر وادەکات کار، چالاکی و پێکهاتەی مێشکی منداڵ تێکبچێت، زیرەکی و بیرەوەریی منداڵ دوادەخات،" هەروەها گوتیشی، "شەکر توانای فێربوون لە منداڵان دوادەخات."