نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر پاڵپشتیی هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' دەکات

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر رایگەیاند، پاڵپشتیی تەواوی هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' دەکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لەبارەی شێرپەنجەی مەمک و پشکنینی پێشوەختە.
 
ئەمڕۆ شەممە 11-10-2025 د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی، لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند: "وەکو نەخۆشخانەی نانەکەلی پاڵپشتیی هەڵمەتی لونای پەمەیی دەکەین، دەرگەی نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ هەموو خانمان کراوەیە بۆ هەر یارمەتیدانێک."
 
د. هەردی جەواد، ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجەیە و بە بەردەوامی رێنماییە خۆپارێزیی و پشکنینییەکان دەدەنە هاونیشتمانییان. د. هەردی جەواد جەختی لەسەر گرنگیی هەڵمەتەکە کردەوە و گوتی: "ئەو هەڵمەتە کاریگەری دەبێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی خانمان بۆ پشکنینی پێشوەختە بۆ ئەوەی لە قۆناخی سەرەتای نەخۆشییەکە دیاری بکرێت و ئاسانتر چارەسەر بکرێت."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی، داوای لە هەموو خانمان کرد کە بەشداربن لە هەڵمەتی لونای پەمەیی، چونکە بە پێویست و گرنگییەکی زۆری دەزانێت.
 
د. هەردی جەواد، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخە سەرەتاییەکان دەستنیشان بکرێت، "جگە لەوەی رێژەی چاکبوونەوەی ئاسانە، تێچووەکەی کەمتر دەبێت."
 
لەبارەی شوێنی پشکنین، د. هەردی جەواد گوتی، لەنزیک بنکەی تەندروستی نازدار بامەڕنی لە هەولێر پشکنینی شێرپەنجەی مەمک ئەنجام دەدرێت و هاونیشتمانییان دەتوانن سەردانی بکەن.