کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا: سیستمێکی خۆراکی پەستانی خوێن دادەبەزێنێت
رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، دەریخستووە، پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی بەرزەپەستانی خوێن، تەنانەت لەو کەسانەشدا کە مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەرزە.
کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، لە شیکارییەکدا پشتیان بە داتای 14 توێژینەوە بەستووە کە لەسەر 2 هەزار و 700 کەس ئەنجام دراوە کە نەخۆشیی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەبووە یان مەترسیی تووشبوونیان بەرز بووە، ئەو بەشداربووانەی سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاستیان پەیڕەو کردووە، چاودێریی گۆڕانکارییەکانی پەستانی خوێنی سیستۆلیک (ژمارەی سەرەوە) و دیاستۆلیک (ژمارەی خوارەوە)یان کراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی پەیڕەوی سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاستیان کردووە، باشبوونێکی بەرچاویان لە هەردوو ژمارەکەی پەستانی خوێندا بەخۆوە بینیوە.
کۆمەڵەکە، جەختیکردووەتەوە سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست بە تەنیا ناتوانێت جێگەی دەرمان یان چارەسەرەکانی دیکەی بەرزەپەستانی خوێن بگرێتەوە.
سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست، جەخت لەسەر خواردنی ماسی، میوە، سەوزە، دانەوێڵە تەواوەکان، پاقلەمەنییەکان، چەرەسات و زەیتی زەیتوون دەکاتەوە. ئەم سیستمە بە سرووشتی دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، دژەئۆکسان و چەورییە تەندروستەکان.