توێژینەوەیەک: گریان ئاستی زیرەکیی مێشکی منداڵ دادەبەزێنێت

رووداو - تەندروستی

کاتێک کە منداڵێک دەگری ئەو ئامۆژگارییە باوەت بیستووە کە بە دایکی دەڵێن، "با بگری، هیچی لێ نایەت"، توێژینەوەیەک لە ژاپۆن ئەو بۆچوونە بەتەواوی رەت دەکاتەوە و هۆشداری دەدات: پشتگوێخستنی گریانی منداڵ، زیان بە گەشەکردنی مێشک و لایەنی سۆزداریی دەگەیێنێت لە داهاتوودا. 
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی شاری ناگۆیا لە ژاپۆن کراو و دەرکەوت، ئەو دایکانەی منداڵەکەیان دەگری و پشتگوێی دەخەن بەتایبەتی لە مانگی یەکەمی تەمەنیدا کاریگەریی دەکاتە سەر گەشەکردنی مێشکی منداڵەکە، توانای گفتوگۆکردن، چارەسەرکردنی کێشە و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی.  
 
توێژینەوەکە لەسەر 100 هەزار و 286 دایک و منداڵ لە یابان ئەنجامدراوە و توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، پشتگوێخستنی گریانی منداڵ جگە لە کەمکردنەوەی تواناکانی مێشکی، کاریگەریی دەکاتە سەر لایەنی سۆزداریی منداڵەکەش لە داهاتوودا.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: گریانی بەردەوامی منداڵ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی "هۆرمۆنی سترێس" ناسراو بە کۆرتیزۆڵ، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی IQی مێشکی منداڵەکە و تەنانەت تووندوتیژی و لاوازیی سۆزداری لە داهاتوودا.