بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد: ئامێری مامۆگرافی بەم زووانە بەردەست دەبێت

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵمەتی "لونای پەمەیی" دەربڕی و لەبارەی رێژەی شێرپەنجەی مەمک لە سنوورەکەدا ئامارێکی خستەڕوو.
 
د. چەکدار ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک بە رووداوی رایگەیاند, شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی لە ئاستێکی مەترسیداردا نییە. بەڵام، لەبارەی شێرپەنجەی مەمکەوە، ئاماژەی بەوەدا: "20%ی ئەو خانمانەی لە دهۆک شێرپەنجەیان هەیە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد، داوای لە خانمان کرد کە بایەخی زۆر بە پشکنینی پێشوەختە بدەن. د. چەکدار ئەحمەد، گوتی: "خانمان دەتوانن لە ماڵەوە پشکنینی خۆیی بۆ مەمکیان بکەن و لە هەر گۆڕانکارییەک ئاگادار بن."
 
لەبارەی دابینکردنی ئامێرەکانی پشکنین، د. چەکدار ئەحمەد روونیکردەوە کە ئامێری مامۆگرافی بەو نزیکانە لە نەخۆشخانەی ئومێد بەردەست دەبێت. هەروەها، جەختی لەوە کردەوە ئێستا ئامێری پشکنینی مامۆگرام لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بە پشکنینە.