هەموو شتێك دەربارەی کەمخوێنی ماددەی ئاسن
کەمی ماددەی ئاسن (کەم خوێنی بەھۆی کەمی ئاسن) بڵاوترین جۆری کەم خوێنییە لەسەرتاسەری جیھان و لەھەندێ داتا وا خەمڵێندراوە لە پێنج کەس، کەسێک کەمی ماددەی ئاسنی ھەیە.
کەمی ئاسن بەزۆری لەو کەسانە دەبێت:
خانمان بە تایبەتی لە تەمەنی باڵخبوون و سووڕی مانگانە
منداڵ لە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەن
خانمانی دووگیان
بەساڵاچوون بەتایبەت دوای ٧٠ ساڵیی.
کەمخوێنیی بەھۆی ئاسن نەخۆشییە؟
کەمی ئاسن و کەمخوێنیی بەھۆی ئاسن نەتیجەی نەخۆشییەکەیە نەک ھۆکار! واتە کەسێک کە تووشی کەم خوێنی ئاسن دەبێت، دەبێت ھۆکاری کەم خوێنییەکە بزاندرێت پێش ئەوەی دەست بە چارەسەر بکرێت.
چۆن پشكنین بۆ کەمخوێنی ئاسن دەکرێت؟
- کەم خوێنی ئاسن بە تایبەت لە پیاوان، یان لەو کەسانەی دوای تەمەنی پەنجا ساڵی روودەدات، دەبێ بە جددی وەربگیرێت و ھەندێ پشکنینی تایبەت ھەیە کە دەبێت بکرێن، لەوانە هەناوبینی گەدە و هەناوبینی کۆڵۆن، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی گرێ لە کۆئەندامی ھەرس.
- لە خانمی دووگیان زۆربەی جار پێویست بە پشکنینی تایبەت ناکات، چونکە دووگیانی خۆی ھۆکارە بۆ کەمی ئاسن.
- لە کوردستان و دەوروبەر، بەھۆی بەربڵاوی نەخۆشی تالاسیمیا، ھەرکەسێک بەردەوام کەم خوێن بێت و بە خواردنی ئاسن خوێنەکەی بەرز نەبێتەوە، پێویستە پشکنینی تالاسیمیا بکات.
- کەم خوێنی ئاسن چەندە کەمیش بێت، دەتوانرێت بە خواردنی حەبی ئاسن کە کەمتر نەبێت لە ٣-٦ مانگ، واتا نابێت لەو فەترەیە کەمتر بخورێت، یان بە بەکارھێنانی دەرزی ئاسن، دةتوانريت چارەسەر بکرێت.
- لە ھەندێ حاڵەتی تایبەت نەبێت خوێن نادرێتە کەسی تووشبوو، واتا زۆربەی حاڵەتەکەن پێویستی بە وەرگرتنی خوێن نییە.
چۆنییەتی خواردنی حەبی ئاسن
-خواردنی حەبی ئاسن پێویستی بە رێنمایی تایبەتی پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارە ھەیە، جێجەجێکردنی ئەو رێنماییانە ھۆکاری سەرەکیی ئەنجامی ئەرێنی چارەسەرەکەتە.
-کەمی ئاسن لێکەوتەی نەرێنی و دەرهاوێشتەی درێژخایەنی ھەیە بەتایبەتی لە منداڵ و خانمی دووگیان و بەتەمەنەکان، تکایە پشتگوێی مەخە! چارەسەری ئاسانە، بەڵام تا نەزانیت ھۆکارەکەی کەم ئاسنییت چییە، تکایە چارەسەر وەرمەگرە.
بەھیوای تەندروستیتان
*پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ھەناو