نەتەوە یەکگرتووەکان: وشکەساڵی ژیانی دوو ملیۆن کەسی خستووەتە مەترسییەوە
رووداو - تەندروستی
دیاردەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون تەنیا کێشەیەکی نێوخۆیی عێراق نییە، بەڵکو قەیرانێکی جیهانییە کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک، ئاو و تەندروستیی ملیۆنان کەس دەکات.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 40٪ـی رووبەری وشکانییەکانی زەوی لە مەترسیی بەبیابانبووندایە و ژیانی نزیکەی 2 ملیار مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە.
راپۆرتێکی UNDP هۆشداری دەدات، عێراق ساڵانە 400 هەزار دۆنم زەوی بەپیت لەدەست دەدات، کە دەکاتە دوو هێندەی رووبەری بەغدای پایتەخت.
لە عێراق، داتاکانی وەزارەتی پلاندانان نیشانی دەدەن کە 15.6%ی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەتەواوی بوونەتە بیابان و 54%ی زەویەکانیش لەژێر هەڕەشەی جددیدان. ئەمە لە کاتێکدایە کە 70%ی خاکی عێراق کەشوهەوایەکی نیمچە بیابانی هەیە و رێژەی بارانبارین تێیدا لە 200 ملیمەتر تێناپەڕێت.
لە راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەربارەی وشکەساڵی، ئینگەر ئەندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە (UNEP)، دەڵێت: شەپۆلەکانی گەرما، هاوشانی لافاوەکان و کەمبوونەوەی سەهۆڵەکان، لە زۆرترین و مەترسیدارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوان.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەو مەترسییانەی کە ئەم کاریگەرییانە دروستی دەکەن، بەتایبەتی بۆ کەسانی بەساڵاچوو کە رێژەی گیانلەدەستدان پەیوەست بە گەرماوە لەنێو کەسانی بەساڵداچوودا، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بە رێژەی نزیکەی 85٪ بەرزبووەتەوە.