رووداو - تەندروستی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، بەپێی یاسا، جگەرەکێشان لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتییەکان قەدەخە دەکات.
بڕیارەکە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2025/2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی گشتی و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ خوێندکاران و مامۆستایان، بە پشتبەستن بە مادەی 20 لە یاسای وەزارەتەکە.
بە پێی رێنوێنییەکان جگەرەکێشان بە هەموو شێوەکانییەوە لەنێو باڵەخانە، نووسینگە، هۆڵەکانی خوێندن و سەرجەم دامەزراوەکانی زانکۆ قەدەخە دەکات. هەروەها، فڕێدانی پاشماوە یان فرۆشتن جگەرە لەنێو زانکۆدا قەدەخەیە.
وەزارەتەکە سزای دارایی بۆ سەرپێچیکاران دیاریکردووە بەپێی پلەی کارگێڕییان:
- لانیکەم 25 هەزار دینار بۆ ئەندامی دەستەی وانەبێژان (مامۆستایان)
- 15 هەزار دینار بۆ کارمەندان.
- 10 هەزار دینار بۆ خوێندکاران، لەگەڵ ئەگەری تۆمارکردنی سەرپێچییەکە لە بڕوانامەی زانکۆییەکەیدا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژە بەوەدەکات، ئەو سەرپێچییانە دەخرێنە سەر هەژمارێکی تایبەت لە فەرمانگەی دارایی بۆ پشتگیریکردنی خوێندکارە هەژارەکان.
هەروەها کارمەندانی ئاسایشی زانکۆ، سەرۆکی بەشەکان و راگری کۆلێژەکان دەسەڵاتیان دەبێت بۆ تۆمارکردنی راپۆرتی سەرپێچییەکان و سزادانەکەش بە بڕیاری سەرۆکی زانکۆ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ