پزیشکە سەماکەرەکە بووە وەزیری تەندروستیی هەنگاریا
رووداو دیجیتاڵ
د. زۆڵت هیگیدۆس، پزیشکێکی پێشووی سیستمی تەندروستیی بەریتانیا (NHS)ـە، بەهۆی سەمایەکی پڕ لە حەماسەت و لێدانی گیتاری خەیاڵی لە رێوڕەسمێکی سیاسییدا ناوبانگی دەرکرد، ئێستا وەک وەزیری نوێی تەندروستیی هەنگاریا دەستبەکاربووە.
دوای ئەوەی پارتی "تیزا" بە سەرۆکایەتیی پیتەر مایار، سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا و کۆتایی بە دەسەڵاتی 16 ساڵەی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا، دکتۆر هیگیدۆس بە سەمایەکی تایبەت لەبەردەم پەرلەمانی هەنگاریا، بووە سیمبولی خۆشی و گۆڕانکاری لە وڵاتەکەدا و گرتە ڤیدیۆییەکەی بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.
دکتۆر هیگیدۆس پزیشکێکی پسپۆڕی ئێسک و شکانە و لە ساڵی 1994 بڕوانامەی پزیشکیی لە زانکۆی سێمێ لوێس لە بوداپێست بەدەستهێناوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ لە سیستمی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) کاری کردووە و پۆستی بەرپرسی بەشی ئێسک و شکانی لە نەخۆشخانەی گشتیی نۆرس مانچستەر لە بەریتانیا وەرگرتووە.
دوای گەڕانەوەی بۆ هەنگاریا لە ساڵی 2015، جگە لە کارکردن وەک پزیشک، چالاکانە بەشداریی لە کەمپەینەکانی داکۆکیکردن لە مافی پزیشکان و نەخۆشاندا کردووە و دژی گەندەڵی و پێدانی بەرتیل لە کەرتی تەندروستیدا وەستاوەتەوە.
ئامانجەکانی وەزیری نوێی تەندروستیی هەنگاریا
زیادکردنی شەفافیەت
گرنگیدان بە رەوشتی پزیشکی
کەمکردنەوەی هەوکردنەکان
کۆتاییهێنان بە کولتووری تۆمەتبارکردن
زیادکردنی مافی نەخۆش