توێژینەوەیەک چارەسەرێک بۆ کێشەی گەڕانەوەی کێش دوای بەکارهێنانی دەرزی پێشنیاز دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گەورەترین کێشەی ئەو کەسانەی دەرزییەکانی کێشدابەزاندن وەک (Mounjaro) یان (Wegovy) بەکاردەهێنن، ئەوەیە کە کێشیان دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی، بەڵام دەرمانێکی نوێ رەنگە ببێتە یارمەتیدەرێکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.
 
لە توێژینەوەیەکدا دەرمانێکی نوێ تاقیکراوەتەوە کە بە شێوەی حەبە و ناوی (ئۆرفۆرگلی پڕۆن)ـە. دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ئەم حەبەیان خواردووە، توانیویانە زیاتر لە 70%ی ئەو کێشەیەی پێشتر دایانبەزاندبوو بیپارێزن، بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی حەبەکەیان نەخواردووە و کێشیان بە خێرایی بۆ گەڕاوەتەوە.
 
ئەو کەسانەی دەرزییەکانی کێش دابەزاندن بەکاردەهێنن، زۆرجار دوای راگرتنی چارەسەرەکە هەست دەکەن ئارەزووی خواردنیان زۆر زیاد دەکات و کێشیان دووبارە بەرز دەبێتەوە. ئەم حەبە کە ئێستا لە ئەمریکا بەردەستە و بەم نزیکانە لە بەریتانیاش دەخرێتە بازاڕەوە، رۆژانە تەنیا یەک دانەی لێدەخورێت و یارمەتیت دەدات ئەو کێشەیەی بە ماندووبوونێکی زۆر داتبەزاندووە، بە جێگیری بیهێڵیتەوە.
 
دکتۆر ماری سپرێ کلی، پسپۆڕی زانکۆی کامبریج، ئاماژە بەوە دەکات کە قووتدانی حەبێک بۆ خەڵک زۆر ئاسانتر و گونجاوترە لەوەی بەردەوام دەرزی لە خۆیان بدەن. هەروەها دکتۆر سیمۆن کۆرک دەڵێت، ئەم حەبە جگە لە پاراستنی رەشیقی، کاریگەری ئەرێنی لەسەر رێکخستنی پەستانی خوێن و شەکریش هەیە.
 
مژدەیەکی دیکەی ئەم دەرمانە نرخەکەیەتی؛ لە کاتێکدا دەرزییەکان مانگانە تێچووەکەیان دەگاتە زیاتر لە هەزار دۆلار، ئەم حەبە نوێیە تەنیا بە 149 دۆلار دەست دەکەوێت.
 
ئەم حەبە بە شێوەیەک کاردەکات کە جەستە فێر دەکات بۆ ماوەیەکی درێژتر هەست بە تێری بکات و ئارەزووی خواردن کەم بکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە قەڵەوی پێویستی بە چاودێریی بەردەوام هەیە و نابێت هیچ دەرمانێک بەبێ راوێژی پسپۆڕ بەکاربهێنرێت، چونکە جەستەی هەر کەسێک کاردانەوەی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە پێش هەر هەنگاوێک، باشترە راوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت.