توێژینەوەیەک پەیوەندیی نێوان خۆراکی تەندروست لە گەنجی و پیربووندا دەردەخات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد دەریدەخات، پابەندبوون بە سیستمی خۆراکیی دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە لە گەنجیدا، ئەگەری پیربوونێکی تەندروست و دوور لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد ئەنجامدراوە پشتی بە داتای زیاتر لە 105 هەزار کەس بەستووە، کە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەنێوان پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست لە تەمەنی گەنجیدا و گەیشتن بە پیرییەکی تەندروست، دۆزیوەتەوە.
هەر لە توێژینەوەکەدا هاتووە ئەو گەنجانەی خۆراکی تەندروست دەخۆن لەکاتی گەیشتنیان بە تەمەنی 70 ساڵی و سەرووتر، دووردەکەونەوە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە و شەکرە، هەروەها لە رووی دەروونییەوە ئارامتریان دەکات.
د. فرانک هو پسپۆڕی خۆراک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت " توێژینەوەکانی پێشووتر زیاتر سەرنجیان لەسەر خۆپاراستن بوو لە نەخۆشییە دیاریکراوەکان، بەڵام ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات چۆن خۆراک کاریگەریی لەسەر توانای مرۆڤەکان هەیە بۆ چێژوەرگرتن لە ژیان".