د. شاڵاو عارف: سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان هەڕەشەیەکی مەترسیدارە

رووداو - تەندروستی 

لێپرسراوی پزیشکیی کوشتارگەری هاوچەرخی سلێمانی رایدەگەیێنێت، سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان هەڕەشەیە بۆ تەندروستیی ئەندامانی ماڵبات و پیسبوونی ژینگە، چەند نیشانەیەکی ئاژەڵی نەخۆشیش ئاشکرادەکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 15ـی حوزەیرانی 2024 د. شاڵاو عارف، لێپرسراوی پزیشکیی کوشتارگەری هاوچەرخی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لەنێو هەموو کوشتارگە فەرمییەکان دا تیمی پزیشکیی ڤێتێرنەری هەن و چاودێریی هەموو ئەو ئاژەڵانە دەکەن کە دەبرێن بۆ سەربڕین.
 
د. شاڵاو عارف، لێپرسراوی پزیشکیی کوشتارگەری هاوچەرخی سلێمانی هۆشداری دەدات، کەشوهەوا و ناڕێکیی لە هەڵگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشتەکەی هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە ژەهراویبوون و نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، هەر بۆیە دەڵێت: ''دوای سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە گۆشت بخرێتە بەفرگر و راستەوخۆ بەکارنەیەت''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. شاڵاو عارف ئاماژەی بە نرخەکانی سەربڕین لە کوشتارگەکەیان کرد و گوتی، بۆ ئاژەڵی بچووک حەوت هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی گەورەش 30 تاوەکو 50 هەزار دینارە.
 
هاوکات ئەوەش باسدەکات، تیمی پێویستی پزیشکانی ڤێتێرنەری لەنێو کوشتارگەکان پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکە دەکەن و هەر ئاژەڵێک نەخۆش بێت، ئەوا دەستی بەسەردادەگرن و نایدەنەوە خاوەنەکەی.
 
د. شاڵاو عارف داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، هەر ئاژەڵێک ئەم نیشانانەی تێدابوو، نەیکڕن وەکو؛ 
 
- بوونی گەنە و مشەخۆر لەسەر جەستەی ئاژەڵەکە
- خۆ جیڕکردنەوە و گرمۆڵەکردن
- کێشانی سەر بە دیواردا 
- بوونی پاشماوەی خوێن لەسەر جەستە ئاژەڵەکە
- بوونی فرمێسک و لیک
- خولانەوەی ئاژەڵ بە بازنەیی
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، تەنانەت رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە.
 
کەسێک کە تووشی تای خوێنبەربوون بوو کۆمەڵێک نیشانەی لێدەرکەوێت وەکو 'تا، شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی، سەرسووڕان، ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان، هێڵنج، رشانەوە و سکچوون'.
 
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
 
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشۆردن 
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت 
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت 
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
 
چۆنیەتیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون 
 
- پێوەدانی مێروویەکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە 
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو 
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو 
 
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە 
 
* ئاژەڵدار 
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری 
* کابانی ماڵەوە 
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو