ئەمریکا دوایین تاقیکردنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ ئەنجامدەدات
رووداو دیجیتاڵ
جیهان رێگەی دۆزینەوەی ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنا گرتووەتەبەر کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن و 400 هەزار کەسی لە تەواوی جیهان تووشکردووە، هەوڵەکانیش تاوەکو ئێستا بێئەنجام نەبوون، کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەڵێت، جیهان هەنگاوێکی دیکە لە دەستکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆنا نزیکە.
کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی کە لە بواری دەرمان کاردەکات، رایگەیاند، کۆتایی ئەم مانگە دوایین تاقیکردنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ ئەنجامدەدات. بەگوتەی کۆمپانیاکە ئەو 45 خۆبەخشەی لە قۆناخی یەکەم ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکرابووەوە ئەنجامی دڵخۆشکەریان پیشانداوە و "ڤاکسینەکە بەرگریی جەستەیانی بەهێزکردووە".
دوایین قۆناخی تاقیکردنەوەکەش کۆتایی ئەم مانگە دەبێت کە لەسەر 30 هەزار خۆبەخش تاقی دەکرێتەوە. دکتۆر ویڵیام شافنەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ڤانێربیڵت لەبارەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە یەکەم هەنگاوی باشە. وادەردەکەوێت کە ڤاکسینەکە کاردانەوەی باشی هەبووە لە رووی دروستکردنی سیستەمی بەرگریی جەستە".
بە گوتەی ئەو پرۆفیسۆرە، تێبینییان لەبارەی ڤاکسینە تاقیکراوەکە هەیە، "ئەم ڤاکسینە لە دوو دۆز پێکدێت، خەڵک هەن دوای بەکارهێنانی تووشی سووربوونەوەی شان هاتوون و کەمێکیش پلەی گەرمیی لەشیان بەرزبووەتەوە یان شەکەت بوون یان شتی لەمجۆرە". پێیشی وایە ئەوە "باجێکی کەمە" بۆ خۆپارێزی لە دژی کۆرۆنا دەیدەن و دەڵێت، هیچ شتێک رێگەیان لێناگرێت تاقیکردنەوەی گەورەتر ئەنجامبدەن.
لە دوایین تاقیکردنەوەدا ئەو 30 هەزار خۆبەخشە نیوەیان بڕی 100 مایکرۆگرام ڤاکسینیان پێدەدرێت، نیوەکەی دیکەیان دەرمانێک وەردەگرن کە هیچ کاریگەریی نییە، بەڵام هیچکام لەو دوو گرووپە نازانن کامیان دەرمانە راستەقینەکەی پێدراوە.
دوای پێدانی ڤاکسینەکە، تیمە پزیشکییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ توێژینەوە لەسەر خۆبەخشەکان دەکەن، تاوەکو بزانن چ کاریگەرییەکی بەسەر ڤایرۆسەکە هەیە کە دەبێتەهۆی تووشبوون بە کۆڤید-19.
دکتۆر ویڵیام شافنەر ئاماژە بەوەشدەکات "ئەمە هەنگاوێکی هۆشیارانەی تاقیکردنەوەیە کە یەکەمجار لەسەر گرووپێکی بچووکی کەسانی گەنج ئەنجامی دەدەین. دوایی فراوانی دەکەین و لەسەر کەسانی بەتەمەنتر ئەنجامی دەدەین بەتایبەت دوای ئەوەی لەسەر کەسی گەنج سەرکەوتووبوو".
پێشبینی دەکرێت، ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکان لە 27ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 دا رابگەیێنرێن، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەنجامە بەراییەکان لە ساڵی 2021 دا دەرکەون.