لیکۆڵینەوەیەک: کەمخەوی نیشانەکانی لاسەرئێشە ''شەقیقە'' زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
کوان ئەوانەی ئازاری شەقیقەیان هەیە؟ ئاگاتان لە خەوتان بێت، چونکە توێژینەوەیەک لە نەرویژ، ئاشکرای دەکات کەمخەوی دەبێتە هۆی خراپترکردنی ئازاری لاسەرئێشە ''شەقیقە''.
توێژینەوەکە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای نەرویژکراوە و دەرکەوتووە، کەمخەوی و خراپیی کواڵیتیی خەو، وادەکەن کە راستەوخۆ کەسەکە ئازاری شەقیقەکەی بۆ بێت.
دکتۆر پێتەر مۆی ئۆملاند، لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای نەرویژی، کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە، دەڵێت: پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خەو و شەقیقەدا هەیە؛ خەو دەتوانێت ئازارەکە کەم بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کەمخەوی و تێکچوونی خەو یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنی ئازارەکە.
لە توێژینەوەکەدا، 140 کەس بەشدارییان کردووە، لە کاتی پشکنینەکاندا، ئەنجامەکان دەریانخست کە دوای کەمخەوی، توێکڵی مێشکی تووشبووانی شەقیقە بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامی ئازار دەداتەوە بە بەراورد بە کەسانی تەندروست.
دکتۆر پێتەر روونی دەکاتەوە، "ئەو میکانیزمانەی لە مێشکدا بەرپرسن لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە ئازار، لە مێشکی تووشبووانی شەقیقەدا وەک پێویست کار ناکەن، بەتایبەتی دوای کەمخەوی. ئەمەش وا دەکات ئازارەکە بەو شێوەیەی لە کەسانی تەندروستدا هەیە، دانەمرکێتەوە."
نیشانەکانی لاسەرئێشە
- گۆڕانی ئاوەز
- زۆر میزکردن
- رەقبوونی مل
- گۆڕانکاری لە بینیندا
- بێهێزی
- کێشە لە قسەکردن
- هەستەوەری بەرامبەر رووناکی
- هەستەوەری بەرامبەر دەنگ
- رشانەوە