دەزگایەکی بەریتانی: قوربانییانی دەرزیی دژەقەڵەوی زیادبووە

15-09-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەگوێرەی دەزگای رێکخستنی دەرمانی بەریتانیا (MHRA)، بەکارهێنانی دەرزییە بەناوبانگەکانی دابەزاندنی کێش و شەکرە، زەنگی مەترسیی لێداوە، دوای ئەوەی سەتان بەکارهێنەر لە بەریتانیا تووشی هەوکردنی تووندی پەنکریاس بوون، کە حالەتێکی مەترسیدارە و دەکرێت کوشندە بێت.
 
دەزگای رێکخستنی دەرمانی بەریتانیا، دوای وەرگرتنی نزیکەی 400 راپۆرت، لێکۆلینەوەیەکی بەپەلەی دەستپێکردووە. زانیارییەکان دەریدەخەن کە نزیکەی نیوەی حاڵەتە مەترسیدارەکان، واتە 181 حاڵەت، پەیوەندییان بە دەرزییەکەوە بووە.
 
د. ئالیسۆن کەیڤ، بەرپرسی باڵای سەلامەتی لە MHRA، دەڵێت: ئێستا گومانیان هەیە کە رەنگە هۆکاری بۆماوەیی و جینات رۆلی هەبێت لەوەی بۆچی هەندێک کەس زیاتر لەوانی تر تووشی ئەم کاریگەرییە لاوەکییە دەبن. 
 
هەوکردنی تووندی پەنکریاس حاڵەتێکی پزیشکیی جیدییە کە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆری سک، دڵتێکەڵهاتن و تا، و زۆرجار پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە هەیە.
 
د. ئالیسۆن دەڵێت: ئەم دەرمانانە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربهێنن و لەکاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی نائاسایی، راستەوخۆ پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەن.
مەترسییەکانی بەکارهێنانی دەرزیی شەکرە بێ راوێژی پزیشک
 
-هەوکردنی پەنکریاس
-بەردی زراو
- کێشەی قوتدان
-کوێری
-زیانگەیاندن بە گورچیلە
 -شێرپەنجەی غودە
-هەناسەتەنگی
-رشانەوە
-زەردوویی
-ئازاری قاچ و دەست
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە