زانکۆی کۆرنێل: لە رێگەی دەرمانێکی نوێوە چارێکێک کێشی جەستە دادەبەزێت
رووداو - تەندروستی
زانکۆی کۆرنێل لە ئەمریکا دەرمانێکی نوێیان تاقیکردووەتەوە کە دەتوانێت نزیکەی چارەکێکی کێشی جەستە داببەزێنێت.
توێژینەوەیەک لەلایەن زانکۆی کۆرنێل لە ئەمریکا، دەریخستووە کە دەرمانێکی نوێ بە شێوەی دەرزی بە ناوی "رێتاگلوتاید" (Retatrutide) کاریگەرییەکی زۆر بەهێز و بەرچاوی هەیە بۆ دابەزاندنی کێش.
زانکۆکە ئاماژە بەوەدەکات ئەو کەسانەی کە بەرزترین دۆزی دەرمانەکەیان وەرگرتووە، توانیویانە لە ماوەی 48 هەفتەدا (نزیکەی 11 مانگ) بە تێکڕا 24.2%ی کێشی جەستەیان داببەزێنن، کە دەکاتە نزیکەی 26 کیلۆگرام.
دکتۆر لویس ئارۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: "پێشتر دەزانرا دەرزیی رێتاگلوتاید سوودێکی یەکجار زۆری بۆ دابەزینی شەکرەی خوێن و کەمکردنەوەی چەوری جگەر هەیە بەڵام لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی کێش هەیە".
دکتۆر لویس ئارۆن گوتی، "ئەوەی زۆر گرنگە پێویستە ئەو دەرمانە لەژێر سەرپەرشتی پزیشک بدرێت".
سەرەڕای ئەم ئەنجامە دڵخۆشکەرانە، دەرمانەکە هێشتا لە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەدایە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ساڵی 2027 لەلایەن دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکییەوە (FDA) پەسند بکرێت.