تەندروستیی زاخۆ: سەنتەری دەستنیشانکردنی شێرپەنجە 10%ی کارەکانی ماوە
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ، پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' راگەیاند و ئاشکرای کرد، بەم زوانە سەنتەرێکی پێشوەختی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ، ئەمیر عەلی بە رووداوی راگەیاند، "هەڵمەتی لونای پەمەیی کارێکی زۆر جوانە و پشتیوانی دەکەین."
ئەمیر عەلی، گوتی، "سەنتەری پێشوەختی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە زاخۆ دەکرێتەوە و بینایەکە تەنیا 10% کارەکانی ماوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە."
لەبارەی پشکنینی ئێستا، گوتەبێژەکەی تەندروستیی زاخۆ ئاماژەی بەوەدا، خانمانی زاخۆ دەتوانن لە تاقیگەی زاخۆی گشتی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمکیان بۆ بکرێت.
سەبارەت بە ئامارەکان، ئەمیر عەلی، ئاماژە بەوەدەکات، "لەبەر ئەوەی بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەبێت سەردانی دەرەوەی زاخۆ بکرێت ئامارێکی ورد بەردەست نیە."
لە کۆتاییدا، داوای لە هەموو هاونیشتمانییان کرد پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بکەن.