زانکۆی مایامی میلەر: رەنگە کۆرۆنا ببێتەهۆی رەپنەبوونی چووک


رووداو- هەولێر 

سکوڵی پزیشكیی زانکۆی مایامی میلەر توێژینەوەیەکی لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر توانای زایەندی ئەنجامداوە، دەریخستووە دەکرێت کۆرۆنا لەنێو شانەکانی چووک بمێنێتەوە. 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی سکوڵی پزیشكیی زانکۆی مایامی میلەر کە ئەنجامەکەی لە گۆڤاری پزیشكی تەندروستیی پیاوان بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە گرفتە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە لوولە خوێنەکان و تێكچوونی ناوپۆشە خانەکان لە ئەنجامی کۆرۆنا دەردەکەون، رەنگە لە داهاتوو هۆکاربن بۆ لاوازبوونی توانای رەپبوونی چووک. 

د. رانجیت رامامسی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە سکوڵی پزیشكیی زانکۆی مایامی میلەر دەڵێت توێژینەوەکەیان پێشانیداوە کە کۆرۆنا دەکرێت لەنێو ناوپۆشە شانەکانی ئەندامەکانی دەرەوەی سییەکانیش بمێنێتەوە و یەکێك لە ئەندامەکان بریتییە لە چووکی مرۆڤ. 

د. رانجیت رامامسی روونیدەکاتەوە بەشێك لەو کەسانەی کە لە توێژینەوەکە بەشداربوون، پێشتر هیچ گرفتی چووکیان نەبووە، بەڵام دوای ماوەیەک لە کۆرۆنا، تووشی رەپنەبوونی چووک بوونە. 

پرۆفیسۆرە یاریدەدەرەکە دەڵێت دەبێت پیاوان ئاگاداربن، رەنگە کۆرۆنا هۆکارێك بێ بۆ تووشبوون بە گرفتەکانی چووک و لەنێویشیاندا رەپنەبوونی چووک.