پسپۆڕێک: نەخۆشمان هەبووە تەمەنی 24 ساڵ بووە و تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مەمک رایدەگەیێنێت، هەڵمەتی "لونای پەمەیی" بووەتە هۆی ئەوەی خانمان زیاتر سەردانی پزیشک بکەن بۆ پشکنینی مەمک، جەختیش دەکاتەوە  دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا چارەسەرکردنی زۆر ئاسانتر دەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-10-2025 د. ژیان خەلیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، لە بووڵتەنی تەندروستی، رایگەیاند، "پشتگیری لە هەڵمەتی لونای پەمەیی دەکەم، چونکە بەهۆی ئەم جۆرە هەڵمەتانەوە خانمان زیاتر هۆشیار بوونەتەوە و بۆ پشکنین سەردانمان دەکەن. نەخۆش هەبووە دوای چوار ساڵ بەهۆی هەڵمەتەکەوە هاتووەتەوە بۆ پشکنین."
 
د. ژیان خەلیل داوای لە خانمان کرد کە شەرم لە پشکنینی مەمک نەکەن و گوتی، "ئەمە پەیوەندیی بە تەندروستییانەوە هەیە. ئەگەر خانمێک لە قۆناخی سەرەتای شێرپەنجەی مەمکدا نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکرێت، چارەسەرییەکەی زۆر ئاسانە و زۆربەی کات پێویست بە بڕینەوەی مەمک و وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی ناکات."
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە خانمان گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن، بەتایبەتی دایکان، "ئەگەر دایکان منداڵەکانیان خۆشدەوێت، پێویستە گرنگی بە خۆیان بدەن بۆ ئەوەی تەندروست بن."
 
سەبارەت بە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکان، د. ژیان خەلیل چەند رێنماییەکی خستەڕوو:
 
پشکنینی خودی: کچان لە تەمەنی 18 ساڵییەوە پێویستە مانگانە پشکنینی خودی بۆ مەمکیان بکەن.
 
پشکنینی کلینیکی: خانمان لەدوای 35 ساڵییەوە ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نەبێت، پێویستە شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشک بکەن بۆ پشکنینی مەمک
 
سەردانی پزیشک: هەر خانمێک لە هەر تەمەنێکدا هەستی بە گۆڕانکارییەک کرد لە مەمکیدا، وەک دەرکەوتنی گرێ، گۆڕان لە شێوە و قەبارەی مەمک، یان هاتنەدەرەوەی شلە لە گۆی مەمک، پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکات.
 
د. ژیان خەلیل ئەو بۆچوونەی رەتکردەوە کە گوایە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک (بایۆپسی) دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و رایگەیاند، "وەرگرتنی نمونەی مەمک شێرپەنجە بڵاوناکاتەوە."
 
د. ژیان خەلیل گوتی، "95%ی شێرپەنجەی مەمک بۆماوەیی نییە، نەخۆشمان هەبووە تەمەنی 24 ساڵ بووە و تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە."
 
هەڵمەتی "لونای پەمەیی" هەڵمەتێکی فراوانی تۆڕی میدیایی رووداوە کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەدەچێت، کە بە مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە. ئامانج لەم هەڵمەتە هاندانی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە، چونکە زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە رێژەی چاکبوونەوە بەرز دەکاتەوە و چارەسەرەکەش ئاسانتر و کەمخەرجیتر دەکات.