WHO: ئێستا بەرزەپەستانی خوێن هۆکارێکی سەرەکیی مردنە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، یەک لەسەر پێنجی ئەوانەی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە بارودۆخیان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، هەرکەسێک پەستانی خوێنی لە 14 بۆ 9 ملیمەتر جیوە بێت یان زیاتر، ئەوا پەستانی خوێنی بەرزە و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی دادەنێت لە جیهاندا.
رێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە، لە 1.3 ملیار تووشبووی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن، نیوەیان چارەسەریان بۆ کراوە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ئەو کەسانەی کە بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە دۆخی تەندروستییان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە.
بەم رێگەیانە خۆت لە بەرزەپەستانی خوێن بپارێزە:
- وەرزشکردن؛ 1 کاژێر وەرزشی رۆژانە 30 خولەک پیادەڕەوی کردن.
- خواردنی خوێ کەم بکەرەوە؛ رۆژانە لە 6 گرام خوێ زیاتر نەخۆین.
- ئەو خۆراکانە بخۆ کە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن؛ وەکو تەماتە، پەتاتە، سەوزە گەڵا پانەکان، مۆز، ئاڤۆکادۆ، پرتەقاڵ، قەیسی، شیر، ماست، ماسی تونا، ماسیی سەلەمون، چەرەس و پاقڵەکان سەرچاوەی دەوڵەمەندی پۆتاسیۆمن.
- گوشاری دەروونی کەم بکەرەوە.
-وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ.