یاسای "3 جار لەبارچوون" ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە و داوا دەکرێت هاوکاریی خانمان لە یەکەم هەنگاوەوە بێت
رووداو – تەندروستی
یاسایەکی دەستەی تەندروستیی گشتی لە بەریتانیا (NHS) سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاریی پزیشکی دوای لەبارچوونی کۆرپە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە، چونکە بەپێی ئەو یاسایە خانمان تەنیا کاتێک پشکنینی ورد و هاوکاریی تایبەتیان بۆ ئەنجام دەدرێت کە 3 جار کۆرپەیان لەبارچووبێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە وای کردووە زۆرێک لە دایکان تووشی بارێکی دەروونی سەخت ببن و هەست بە پشتگوێخستن بکەن.
یەکێک لەو دایکانە بە ناوی بێسانی هیوم تێیگ، ئاماژە بەوەدەکات، کە گوتنی ئەوەی دەبێت جارێکی دیکەش تووشی لەبارچوون ببیتەوە ئینجا هاوکاریت دەکەین، کارێکی مرۆیی نییە و مرۆڤ دەخاتە بارێکی نادیار و پڕ لە ئازارەوە.
رێکخراوی خێرخوازیی (Tommy's) کە تایبەتە بە کاروباری دووگیانی، داوا دەکات سیستمەکە بگۆڕدرێت بۆ مۆدێلێکی پلەبەندی، کە نابێت چاوەڕێی 3 جار لەبارچوون بکرێت، بەڵکو دەبێت هەر لە دوای یەکەم ئەزموونی تاڵی لەدەستدانی کۆرپەوە هاوکاری دەروونی و رێنمایی پزیشکی پێشکەش بە خانمان بکرێت و لە دوای دووەم بارچوون پشکنینی خوێن و لە دوای سێیەمجار پشکنینی وردی جینی و سۆنار ئەنجام بدرێت بۆ دۆزینەوەی هۆکارە راستەقینەکانی ئەو کێشەیە.
شارەزایانی بواری تەندروستی پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە نوێیە دەبێتە هۆی رێگریکردن لە 10 هەزار و 75 حاڵەتی لەبارچوون لە ساڵێکدا و بڕی 40 ملیۆن پاوەند بۆ بودجەی گشتی دەگەڕێنێتەوە، لە ئێستادا حکومەتی بەریتانیا بە وردی لێکۆڵینەوە لەم پێشنیازە دەکات و لە هەندێک ناوچەی وەک سکۆتلەندا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری تەندروستی رایگەیاندووە کە ئەوان دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی دەنگی خانمان دەبیسترێت و چاودێرییەکی کوالیتی بەرز و مرۆییانە بۆ هەموو ئەو دایکانە دابین دەکرێت کە رووبەڕووی ئەم بارودۆخە ناخۆشە دەبنەوە.