دوای 18 ساڵ چاوەڕوانی و 9 جار لەبارچوون؛ خەونی دایکایەتی بۆ خانمێکی 34 ساڵ هاتەدی
رووداو – تەندروستی
دوای 18 ساڵ لە بێبەشبوون و تێپەڕاندنی 9 ئەزموونی تاڵی لەبارچوونی کۆرپە، خانمێکی تەمەن 34 ساڵ توانی سەرکەوتن بەسەر یەکێک لە قورسترین کێشەکانی نەزۆکیدا بهێنێت و ببێتە خاوەنی یەکەم منداڵی خۆی.
ئەم خانمە مێژوویەکی سەختی لەگەڵ "لەبارچوونی یەک لە دوای یەک" هەبووە. لە ماوەی ئەو 18 ساڵەی تەمەنی هاوسەرگیریدا، سەردانی چەندین وڵاتی وەک فەڕەنسا و تورکیا و چەندین سەنتەری ناوخۆی عێراقی کردووە، بەڵام هەوڵەکان بێئەنجام بوون. دواجار ئەم چاوەڕوانییە کۆتایی هات و خانمەکە لە رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 14.5.2026 بووە خاوەنی منداڵێکی چاو گەش.
نەشتەرگەری و سەرپەرشتیکردنی ئەم کەیسە لەلایەن دکتۆرە بشرى جرجيس نورالدين، پسپۆڕی ئافرەتان، منداڵبوون و نەزۆکی و هەڵگری بڕوانامەی بۆردی عەرەبی ئەنجامدراوە. دکتۆرە بشرى دەڵێت؛ "کێشەی لەبارچوونی یەک لە دوای یەک (Recurrent Miscarriage) یەکێکە لەو ئاڵەنگارییە هەرە قورس و ئاڵۆزانەی کە رووبەڕووی خانمان دەبێتەوە."
دکتۆرە بشرى دەشڵێت؛ خۆشبەختانە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست و چاودێرییەکی زانستی چڕ، توانیمان دووگیانییەکەی بپارێزین تا مانگی 9 و پڕۆسەی منداڵبوونەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەین، ئێستاش باری تەندروستی دایکەکە و منداڵەکە زۆر باش و جێگیرە."