ئایا کافایین دەبێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپە یان زیان بە گەشەی دەگەیێنێت؟

رووداو – تەندروستی 

بۆ زۆرێک لە خانمان خواردنەوەی قاوەی بەیانیان یان چا بەشێکی سەرەکییە لە رۆژەکەیان، بەڵام لە کاتی دووگیانیدا دڵەراوکێی ئەوەیان لا دروست دەبێت ئایا کافایین مەترسی لەبارچوون زیاد دەکات؟ بەپێی نوێترین زانیارییە پزیشکییەکان، وەرگرتنی بڕی مامناوەندی کافایین بە پاریزراو دادەنرێت. 
 
کۆلێژی ئەمریکی بۆ پزیشکانی ژنان و منداڵبوون (ACOG) رێنمایی دەدات کە خانمانی دووگیان دەتوانن رۆژانە تاوەکو 200 میلیگرام کافایین بەکاربهێنن، بەڵام تێپەربوون لەم بڕە مەترسییەکانی لەبارچوون، لەدایکبوونی پێشوەختە و کەمیی کێشی کۆرپە زیاد دەکات.
 
دکتۆر لۆری گریفن، پسپۆری پزیشکی دایک و کۆرپە لە زانکۆی یوتا، ئاماژە بەوەدەکات کە کافایین دەتوانێت لە وێڵاش تێپەربێت و بگاتە کۆرپە، بۆیە چاودێریکردنی بڕەکەی زۆر گرنگە.
 
بەپێی خەمڵاندنە پزیشکییەکان، یەک کوپ قاوەی ئاسایی نزیکەی 137 میلیگرام کافایینی تێدایە، لە کاتێکدا یەک کوپ چا نزیکەی 48 میلیگرام و قتوویەکی خواردنەوە گازییەکان نزیکەی 37 میلیگرامی تێدایە. 
 
دکتۆر لۆری جەخت دەکاتەوە کە خواردنەوەی تەنیا یەک کوپ قاوە لە رۆژێکدا هیچ گرفتێکی تەندروستی دروست ناکات، بەڵام مەترسییەکان کاتێک دەست پێ دەکەن کە بڕەکە بگاتە 4 بۆ 5 کوپ لە رۆژێکدا.
 
سەبارەت بەو خانمانەی پێش ئەوەی بزانن دووگیانن کافایینیان خواردووە، دکتۆر لۆری دڵنیایی دەدات کە پێویست بە ترس ناکات، چونکە کاریگەریی سەرەتایی کافایین لەسەر گەشەی درێژخایەنی کۆرپە زۆر کەمە. 
 
تەنیا پەیامی سەرەکی پزیشکان ئەوەیە کە بە زووترین کات دوای زانینی دووگیانییەکە، خانمان بڕی کافایین کەم بکەنەوە بۆ کەمتر لە 200 میلیگرام و لەگەڵ پزیشکەکانیان راوێژ بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە گەشەی تەندروستی کۆرپەکەیان.