زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا: کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگ دەمێننەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوت، جەنگ رێژەیەکی زۆر لە ترس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بڵاو دەکاتەوە.
لە توێژینەوەکەی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا هاتووە، پێویستە سیستمی پشتیوانیی دەروونیی بەپەلە دابین بکرێت بۆ ئەو کەسانەی لە ناوچەیەکدا دەژین کە جەنگ هەیە، بە تایبەت بۆ خانمان، کەمینە نەتەوەییەکان و ئەو کەسانەی لە جەنگدا کەسی نزیکیان لەدەستداوە و ئەوانەی رووبەڕووی سەختیی ئابووری بوونەتەوە.
د. یوڤاڵ نێریا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "جەنگ تەنیا زیانی جەستەیی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو چەندین لێکەوتەی نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ جێیدەهێڵێت و دەکرێت بۆ چەند نەوەیەک بگوارێتەوە".