توێژینەوەیەک: مانگۆ یارمەتیی کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە هیندستان دەریدەخات، خواردنی مانگۆی فرێش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو.
توێژینەوەکە لەلایەن نەخۆشخانەی فۆرتیس سی-دۆک (Fortis C-DOC Hospital) و دامەزراوەی نیشتمانیی شەکرە، قەڵەوی و کۆلیسترۆڵ (N-DOC) لە نیودەلهی ئەنجامدراوە. دەرکەوتووە؛ مانگۆ بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ریشاڵ، دژەئۆکسان و مادە خۆراکییە گرنگەکان، هەستیاریی جەستە بۆ ئەنسۆلین باشتر دەکات و یارمەتیی رێکخستنی گلوکۆز دەدات، بەتایبەتی لە کەسانی کێشزۆر یان قەڵەودا.
توێژینەوەکە کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بووە، بەشداربووان رۆژانە لە ژەمی بەیانیاندا 250 گرام (نزیکەی یەک مانگۆی بچووک)یان خواردووە، ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی مانگۆیان خواردووە، دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستی گلوکۆزی خوێنیان لە بەیانیاندا هەبووە و جەستەیان ئەنسۆلینی بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەکارهێناوە.
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی، مانگۆ وەک چارەسەر بۆ نەخۆشیی شەکرە سەیر ناکرێت. بەهۆی بوونی شەکری سرووشتییەوە، خواردنی زیاد لە پێویست دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن.
پسپۆڕان ئامۆژگاری دەدەن کە مانگۆ بە شێوەیەکی مامناوەند بخورێت و باشترە لەگەڵ پرۆتین (وەک ماست) یان چەورییە تەندروستەکان (وەک گوێز و بادەم) بخورێت بۆ هێواشکردنەوەی مژینی شەکرەکەی. هەروەها خواردنی میوەی فرێش زۆر باشترە لە شەربەت یان بەرهەمە پرۆسێسکراوەکان کە شەکری زیادکراویان تێدایە.