بە هاوکاری کۆماری چیک سێ پڕۆژەی تەندروستی لە قەزای ئاکرێ دەکرێنەوە
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-9-2025 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەنتەرێکی شووشتنەوەی گورچیلە لە دهۆک دەکرێتەوە کە توانای شووشتنەوەی گورچیلەی بۆ 25 نەخۆش لە یەک کاتدا دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی ئاکرێ فراوان دەکرێت و ژمارەی تەختەکانی بۆ نزیکەی 40 تەخت زیاد دەکرێت، هەروەها بەشی چاودێریی چڕیشی بۆ دەکرێتەوە.
د. ئەفراسیاب مووسا گوتیشی، کۆماری چیک ژوورێکی نەشتەرگەریی بە هەموو ئامێرە پێویستەکانییەوە لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی ئاکرێ کردووەتەوە و رایگەیاند، "هەموو کات کۆنسوڵی چیک دەستپێشخەر بووە لە دابینکردنی ئامێری پزیشکی و گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی."
"خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دەتوانم بەخشینێکی دیکەی دارایی لە چیکەوە پێشکێشبکەم''
کۆنسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان، کارێل کۆرتانێک، لە میانی سەردانێکیدا بۆ قەزای ئاکرێ، بەخشینێکی دیکەی دارایی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە شارەکە راگەیاند.
کارێل کۆرتانێک، کۆنسووڵی گشتیی چیک لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دەتوانم بەخشینێکی دیکەی دارایی لە چیکەوە پێشکێشبکەم، بەتایبەتی شانازی بەو کارانەوە دەکەم کە کونسوڵخانەی چیک لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات."
بە گوتەی کۆنسوڵی چیک، ئەم پشتیوانییە داراییە بۆ دامەزراندنی نووسینگەیەکی نەشتەرگەریی یەک رۆژەیە لە ئاکرێ، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی چیکی بە ناوی "کۆمیدێک" سەرپەرشتی دەکرێت، ئامانج لەم پڕۆژەیە باشترکردن و بەهێزکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی پزیشکییە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
کۆرتانێک ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵە درێژخایەنەکانمان یارمەتییەکی بەرچاو پێشکێش بە خەڵکی ئاسایی دەکات کە لێرە دەژین، کۆماری چیک پابەندە بە پشتگیریکردن و دەستپێشخەرییەکانی و بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە داهاتوو."