لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئەم خۆراکانە مەخۆ

رووداو- دیجیتاڵ

بەشێکی زۆری خانمان لەکاتی سوڕی مانگانەدا تووشی ئازار و هەندێک نیشانەی دیکەی تایبەت بە کۆئەندامی هەرس دەبنەوە وەک ئاوسانی سک، هێڵنج و رشانەوە، بێهێزی و سکچوون یان قەبزی، بۆیە زۆر گرنگە خانمان لەو ماوەیەدا لە هەندێک جۆری خۆراک دووربن کە لەوانەیە ببنەهۆی خراپتربوونی نیشانەکانیان.


ئەو خۆراکانەی پێویستە لەماوەی سوڕی مانگانەدا نەخورێن بریتین لە:

خوێ
ئەو خۆراکانەی بڕێکی زۆری خوێیان تێدایە باشتروایە نەخورێن، چونکە هۆکارن بۆ زیادبوونی گازەکانی ریخۆڵە و سەرەنجام ئاوسانی سک، بۆیە هەوڵبدە خۆراکە دەستکاریکراو و لە قووتوونراوەکان نەخۆیت و خوێش کەمتر بۆ خۆراکەکان بەکاربهێنە.

شەکر
ئەگەر بەبڕێکی کەم بخورێت زۆر کێشە نییە، بەڵام زیادەڕەوی کردن لەو خۆراکانەی بڕێکی زۆری شەکریان تێدایە میزاجت تێکدەدات، خەمۆکی و توڕەبوونت زیاتر دەکات.

کافاین
خواردنەوەی بڕێکی زۆری قاوە، چا، خواردنەوە گازییەکان و وزەبەخشەکان لەو ماوەیەدا تەندروست نییە چونکە هۆکارن بۆ زیادبوونی گازەکانی ریخۆڵە و ئاوسانی سک،  هەروەها لەوانەیە تووشی سکچوونت بکات.

خۆراکە تیژەکان
ئەو خۆراکانەی تیژ و بەهاراتی زۆریان تێدایە بۆ گەدە و کۆئەندامی هەرس بەگشتی تەندروست نین، بۆیە هەوڵبدە لەو خۆراکانە دووربیت.

گۆشتی سوور

توێژینەوەکان دەریانخستووە گۆشتی سوور بە پرۆستاگلاندینەکان دەوڵەمەندە، کە ئەمانەش دەبنەهۆی گرژبوونی منداڵدان و زیادبوونی ئازار، بۆیە باشتروایە گۆشتی سوور کەمبکەیتەوە.