توێژینەوەیەک: رێژەیەکی مەترسیداری مادەی ژەهراوی لە یاریی منداڵاندا دۆزرایەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی هاوبەش لە بەرازیل دەریخستووە، رێژەیەکی بەرچاو لە مادەی کیمیایی زیانبەخش لە یاریی پلاستیکیی منداڵاندا هەیە و ئاستی ژەهرەکان 15 هێندەی سنووری یاسایی تێپەڕاندووە.
زانکۆی ساوپاولۆ و زانکۆی فیدراڵیی ئەلفيناس لە بەڕازیل، شیکردنەوەیان بۆ 70 یاریی پلاستیکیی منداڵان کردووە و دەرکەوت کە زۆربەی نموونەکان مادەی کیمیایی مەترسیداری وەک: باریۆم، قورقوشم، کرۆم و ئەنتیمۆن تێدایە.
هەردوو زانکۆ بەڕازیلییەکە ئاماژە بەوەدەدەن، 44.3%ی یارییەکان رێژەیەکی زۆر لە مادەی باریۆمیان تێدابووە کە دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی دڵ و دەمارەکان، هەروەها 32.9%ی نموونەکان رێژەی قورقوشمیان لە ئاستی رێگەپێدراو زیاتر بووە کە زیانی هەمیشەیی بە دەمارەکان و کێشەی یادگە دەگەیێنێت.
د. برونۆ ئەلڤێس رۆچا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "یارییەکان بۆ منداڵانی تەمەن 0 بۆ 12 ساڵ هەڵبژاردووە، کە زۆربەیان بەهۆی قەبارە و شێوەیانەوە لەلایەن منداڵانەوە دەخرێنە دەمەوە، ئەمەش مەترسیی بەرکەوتن بە مادە ژەهراوییەکان زیاتر دەکات"
د. برونۆ ئەلڤێس رۆچا ئاماژە بەوەدەکات هەرچەندە تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە تەنیا رێژەیەکی کەم لەو مادانە لەکاتی بەرکەوتنی راستەوخۆدا دەردەچن، بەڵام ئەمە نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتیی یارییەکان کەم ناکاتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی بەرزی مادە ژەهراوییەکان.