لە کوردستان و عێراق ساڵێكە دەرزی هۆڕمۆنی گەشە بۆ چارەسەری باڵاکورتیی نەماوە
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری سەنتەری هێلینا لە هەولێر رایدەگەیێنێت نزیکەی ساڵێكە لە کوردستان دەرزی هۆڕمۆنی گەشە بۆ منداڵانی باڵا کورت و لاوازی گەشە نەماوە و لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە.
د. هەژێن تەڵعەت سامان، بەڕێوەبەری سەنتەری هێلینا لە هەولێر روونیدەکاتەوە ئەو نەخۆشانەی کێشەی باڵایان هەیە لە سەنتەرەکەیان دوای پشكنین لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە هۆڕمۆنی گەشەیان پێدەدرێت، بەڵام ساڵێكە بەهۆی نەناردنی لەلایەن بەغدا و بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە نەماوە.
بەڕێوەبەری سەنتەری هێلینا لە هەولێر کە تایبەتە بە چارەسەری تووشبووانی دواکەوتنی گەشە و باڵا کورتی روونیدەکاتەوە ئەو کەسانەی نەخۆشن و پێویستییان بە هۆڕمۆنی گەشەیە گرفت لە چارەسەری تووشبووانی نەخۆشەکان دروستدەکات و لەوانەی لاوازی گەشەیان هەیە مەترسیی هەیە تووشی باڵا کورتی ببن.
د. هەژێن تەڵعەت دەڵێت لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی دەرزییەکە دابینبکرێت و تەنانەت داوایان لە خێرخوازانیش کردووە یارمەتیدەربن بۆ دابینکردنی دەرزیی هۆڕمۆنی گەشە.