لە وان رێژەی سەرکەوتن لە سەنتەری وازهێنان لە جگەرەکێشان 93٪ ـە

رووداو - تەندروستی 

لە وان بایەخ بە کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدرێت و رێژەی سەرکەوتن لە سەنتەری وازهێنان لە جگەرەکێشان 93٪ـە.
 
سەنتەری تەندروستیی دورسون ئۆداباش لە زانکۆی یوزونجویل لە شاری وان بەشی وازهێنان لە جگەرەکێشانی کردووەتەوە و پرۆفیسۆرێک و حەوت پزیشکی پسپۆڕ کاردەکەن.
 
چارەسەری دەروونی و دەرمان بەکاردێت بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ وازهێنان لە جگەرە و رێژەی سەرکەوتنیش %93 ـە.  
 
کامەران کارامان، سەرۆکی پزیشکی بەشی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەڵێت: "وەک دەزانن جگەرەکێشان دەبێتەهۆی چەندین نەخۆشی کوشندە، بەتایبەتی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، هەروەها دەبێتە هۆی زۆرێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە کواڵیتی ژیانی مرۆڤ کەم دەکەنەوە. هەر بۆیە زۆر گرنگە مادەیەکی کیمیایی کە دەبێتەهۆی مردن و کەمکردنەوەی کواڵیتیی ژیانی مرۆڤ، لە ژیانی مرۆڤدا لاببرێت". 
 
ئەو کەسانەی دەیانەوێت واز لە جگەرەکێشان بێنن، سەر لەم سەنتەرە دەدەن و هەموو جۆرە هاوکارییەکیان پێشکەش دەکرێت.
 
بوکێت مەرمیت، جێگری سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەکە دەڵێت: "کلینیکی وازهێنان لە جگەرەکێشان، خزمەتگوزاریی تایبەت پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت واز لە جگەرەکێشان بێنن و پرۆسەکە خێراتر دەکات. هەرچەندە کاتی وازهێنان لە جگەرەکێشان بەپێی ئالوودەبوون و پاڵنەرەکانی تاکەکەس دەگۆڕێت، بەڵام بە پشتیوانیی پسپۆڕان بەڕێوەبردنێکی کاریگەر دەکرێت".
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە تورکیا و باکووری کوردستان جگەرەکێشان هۆکاری مردنی 30٪ـی پیاوان و 12٪ـی ژنانە.