تەندروستیی هەولێر: کیتی پێویستی پشکنینی کۆرۆنامان هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 30 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان و رەوشی تەندروستییان مەترسیدارە، هاوکات 100 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا رەوشی تەندروستیان جێگر نییە و پێویستیان بە چاودێریی پزیشکی ورد هەیە. گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا کیتی پێویستیان بۆ پشکنینی کۆرۆنا هەیە.
 
د. بژار مووسا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رۆژانە بەردەوامن لە پشکنینەکان بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووانی نوێی کۆرۆنا و جەختدەکاتەوە تاوەکو ئێستا کیتی پێویست بۆ پشکنین لەبەردەستدان، "بەڵام ئەگەر خەڵک پابەندنەبن رۆژێک دێت کە کیتی پێویست نابێت، چونکە ژمارەی پشکنین بەشی هەموو خەڵک ناکات و ژمارەی کیتەکان کەمدەبێتەوە".
 
لە هەرێمی کوردستان بەگشتی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا 170 هەزار پشکنین کۆرۆنا کراون، لەو ژمارەیە 73 هەزار پشکنین لە هەولێر ئەنجامدراوە.
 
گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر روونیدەکاتەوە، رۆژانە گۆڕانکاری بەسەر ژمارەی پشکنینەکان دێت بەگوێرەی ژمارەی گومانلێکراوان و ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنین.
 
بە گوتەی د. بژار مووسا، ئێستا رۆژانە لە هەولێر 400 بۆ 800 پشکنین ئەنجامدەدرێت و هەندێک رۆژ دەگاتە زیاتر لە هەزار پشکنین، "بەگشتی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو مانگی ئایار بە تێکڕا رۆژانە 400 پشکنین کراون، بەڵام لە مانگی ئایارەوە تائێستا بەتێکڕا رۆژانە نزیکەی 700 پشکنین ئەنجامدراون".
 
لە هەولێر تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 652 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 1851 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 66 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. ئێستاش 735 تووشبوو لە نەخۆشخانەکاندا.
 
لەنێو تووشبووانی هەولێر، 25 بۆ 30 کەس لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان، هەروەها 100 تووشبووی دیکە رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان، د. بژار مووسا دەڵێت، "ئەگەر خەڵک هاوکارنەبن و پابەندی رێنماییەکان نەبن، ژمارەکە بەرزدەبێتەوە".
 
گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر داوادەکات خەڵک مەترسییەکانی کۆرۆنا بەهەند وەربگرن و دەڵێت، "لە هەولێر گەنج هەبووە کە تەمەنی 35 ساڵ بووە و نەخۆشی درێژخایەنی نەبووە بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، ئەمەش کارەساتە و دەبێت خەڵک بە هەندی وەربگرن، ئێمە کەس ناترسێنین، بەڵام دەمانەوێت خەڵک پابەندبێت بە رێنماییەکان".
 
ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت چەند بڕیارێک دەربکات بۆ کردنەوەی چەند شوێنێکی دیکە، پێشتریش د. فرسەت سۆفی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، جارێکی دیکە لە هەولێر ناگەڕێنەوە بۆ قەدەخەی هاتووچۆ.
 
لەبارەی پابەندبوونی خەڵک لەو شوێنانەی بە رێنماییەکان کراونەتەوە، د. بژار مووسا دەڵێت "ئەو شوێنانەی کراونەتەوە پابەندن بە رێنماییەکان، بەڵام دەبینین خەڵکیش هەن پابەندنابن، بەڵام 80% بۆ 85%ی خەڵک و کاسبکاران لە شوێنە گشتییەکان پابەندن بە رێنماییەکان، ئەمەش وادەکات کە تووشبووان کەمببێتەوە".