هۆشداری دەدرێت لەبارەی خواردنەوەی ئاوی بتڵی جێهێڵراوی نێو ئۆتۆمبێل

18-08-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە پۆڵەندا هۆشداری دەدات لەبارەی یەکێک لەو خووە باوانەی کە زۆربەی خەڵک ئەنجامی دەدەن، ئەویش جێهێشتنی بتڵی ئاوی پلاستیکییە لەنێو ئۆتۆمبێلدا، بەتایبەت لە رۆژانی گەرمادا کە دەبێتە هۆی دزەکردنی مادەی کیمیایی زیانبەخش لە پلاستیکەکەوە بۆ نێو ئاوەکە و گیرانی لوولەکان خوێن و جەڵتەی دڵ.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی تەکنەلۆژیای پۆزنان لە پۆڵەندا ئەنجامدرا و دەرخەری ئەو راستییەیە کە پلەی گەرمیی بەرز، پڕۆسەی دزەکردنی مادە کیمیاییەکان لە پلاستیکەوە بۆ نێو ئاو خێراتر دەکات.
 
توێژەران بە تایبەتی تیشکیان خستووەتە سەر مادەکانی وەک بیسفینۆڵ ئەی (BPA) و ئەنتیمۆنی، کە لە دروستکردنی زۆربەی بتڵە پلاستیکییەکاندا بەکاردێن. 
 
مادەی BPA، دەتوانێت سیستمی هۆڕمۆنەکانی جەستە تێکبدات و بڕێکی زۆر لە مادەی ئەنتیمۆنی، دەبێتە هۆی دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە و سکچوون.
 
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، هەرچەندە پلەی گەرما بەرزتر بێت و بتڵەکە ماوەیەکی زیاتر لەبەر گەرمادا بمێنێتەوە، بڕێکی زیاتر لەو مادە کیمیاییانە دەچنە نێو ئاوەکەوە. بۆ نموونە، لە رۆژێکدا کە پلەی گەرما 27 پلەی سیلیزی بێت، پلەی گەرمی ناو ئۆتۆمبێلێکی وەستێنراو، لە کەمتر لە 30 خولەکدا، دەتوانێت بگاتە سەروو 43 پلەی سیلیزی، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو دزەکردنی BPA زیاد دەکات.
 
د. دۆبرۆکنا گینتەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی تەکنەلۆژیای پۆزنان لە پۆڵەندا دەڵێت: وردەپلاستیک لەنێو ئەو ئاوانەدا دۆزراوەتەوە کە لەنێو ئۆتۆمبێل جێهێڵدراون، کە دەتوانن لە ئەندامەکانی جەستەدا کۆببنەوە و ببنە هۆی هەوکردن و گیرانی لوولەکان خوێن و تووشبوون بە جەڵتەی دڵ. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە