زانکۆی میشیگن: جێڵێک هەڵوەرینی قژی تووشبووانی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
تووشبووانی شێرپەنجە یەکێک لەو شتانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە قژ هەڵوەرینە بەهۆی وەرگرتنی دەرمانی کیمیایی، بەڵام زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا جێڵێکی نوێیان پەرەپێداوە بۆ رێگری لە هەڵوەرینی قژی ئەو کەسانەی کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن و قژیان لە هەڵوەرین دەپارێزێت.
زانکۆی ویلایەتی میشیگن ئاماژە بەوەدەکات، ئەم جێڵەکە لە شێوەی شامپۆدایە، پێش وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی لە پێستی سەر دەدرێت. جێڵەکە دوو ماددەی "لیدۆکایین" و "ئەدریناڵۆن"ی تێدایە، کە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی رێڕەوی خوێن بۆ خانەکانی قژ، ئەمەش وادەکات بڕێکی کەمتری دەرمانی کیمیایی بگاتە خانەکانی قژ و زیانیان پێبگەیەنێت، بەمەش رێگری لە هەڵوەرینی قژ دەکرێت.
د. براین سمیت، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە گوتی، دۆزینەوەی ئەم جێڵە سوودی زۆری دەبێت و وادەکات خەڵکی لە وەرگرتنی دەرمانی کیمیایی نەترسن.