پسپۆڕێکی پێست: هەڵوەرینی 50 بۆ 100 تاڵەمووی قژ لە رۆژێکدا ئاساییە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیەنێت، هەڵوەرینی 50 بۆ 100 تاڵەمووی قژ لە رۆژێکدا بە شتێکی ئاسایی دادەنرێت و نابێتە جێی نیگەرانی. 
 
د. شادیار حەمەلاو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی قژهەڵوەرین، بۆیە دوورکەوتنەوە لێیان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی قژ."
 
سەبارەت بە رۆڵی خۆراک لە چارەسەرکردنی کێشەی قژهەڵوەرین، د. شادیار روونیکردەوە کە خۆراک بە تەنیا ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە بکات، بەڵام هەندێک جۆری خۆراک دەتوانن یارمەتیدەر بن. لەمبارەیەوە گوتی: "خواردنی گۆشت، چەرەزات و هێلکە کە دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ڤیتامینەکان، دەتوانن یارمەتی بەهێزکردنی تاڵەکانی قژ بدەن."
 
د. شادیار حەمەلاو ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی قژهەڵوەرین تەنیا بە وەرگرتنی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستە کەسەکە شێوازێکی ژیانی تەندروستی هەبێت کە وەرزشکردن و خەوی پێویست لەخۆبگرێت. د. شادیار هۆشداریشیدا لەوەی کە "تەنیا بە خواردنی بایۆتین قژهەڵوەرین چارەسەر ناکرێت و پێویستە هۆکاری سەرەکیی کێشەکە دەستنیشان بکرێت."
 
لەبارەی ئامێرەکانی ستایلکردنی قژەوە، پسپۆڕەکەی بواری جوانکاری رێنمایی دەدات و دەڵێت: "ئەگەر وشککەرەوەی قژ (موجەفە) رۆژی یەک جار بەکاربهێنرێت، لە دوورەوە بگیرێت و پلەی گەرمییەکەی کەمبێت، ئەوا زیانی کەمترە بە بەراورد بە ئامێرەکانی دیکەی ستایلکردنی قژ."
 
بۆ ئەو کەسانەی قژێکی تێکەڵ و ئاڵۆزیان هەیە، د. شادیار حەمەلاو پێشنیازی بەکارهێنانی ماسکی قژ دەکات بۆ شێدارکردنەوە و ئاسانکردنی شانەکردنی.