پسپۆڕێک: خڵەفانی پێشوەختە لەنێو گەنجانی ئوسترالیا 400٪ زیادیکردووە

رووداو - تەندروستی

شۆک! خڵەفانی پێشوەختە لە گەنجانی ئوسترالیا 400٪ زیادیکردووە و پسپۆڕێکیش دەڵێت، هۆکارەکەی، زۆر سەیری شاشەکانە.

پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە ئوستڕاڵیا، رایدەگەیەنێت؛ ژمارەی گەنجانی تەمەن 30 بۆ 44 ساڵ بۆ تووشبوون بە نەخۆشی خڵەفانی پێشوەختە، 400% بەرزبووەتەوە! هەروەها دەڵێت: "هەموومان ئەمڕۆ بە تەلەفۆنەکانمانەوەین، ئەمەش بەڕاستی ترسناکە بۆ مێشکمان و ئەم زیادبوونە گەورەیە پەیوەندی بە زۆر بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە هەیە."
 
دکتۆر مارک ویلیامس، پسپۆڕی مێشک و دەمارە لە ئوستڕاڵیا، روونی کردەوە کە زۆر بەکارهێنانی شاشە تەرکیز کەم دەکاتەوە و تەنانەت لە ژیانی کۆمەڵایەتیش دوورمان دەخاتەوە. ئەو گوتی: "مێشکی مرۆڤ بەجۆرێکە کە 'یان بەکاریبهێنە یان لەدەستی بدە'. چونکە ئەگەر زۆر بەکاری نەهێنین، تواناکانی کەم دەبێتەوە."
 
بۆ چارەسەر، دکتۆر مارک داوا دەکات کاتی بەکارهێنانی شاشە کەم بکرێتەوە و زیاتر کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێ بەسەر ببەین، کتێب بخوێنینەوە و گرنگی بە کاتی ئارام بدەین. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی تەندروستی مێشکمان.
 
ئەم زانیارییە هۆشیارییەکی گەورەیە بۆ گەنجان لە سەرانسەری جیهان کە پێداچوونەوە بە شێوازی بەکارهێنانی ئامێرەکانیاندا بکەن.