پسپۆڕێکی کورد لە بەریتانیا: لە کوردستان کەسێک تووشی جەڵتەی دڵ بێت، دەبێت بیر لەوەبکاتەوە چەندی تێدەچێت

18-11-2025
بڕوا فەرهاد
د. سەڵاحەدین عوبێد
د. سەڵاحەدین عوبێد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

راوێژکارێکی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە بەریتانیا، رایگەیاند، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا هەیە، بەتایبەتی لەکاتی روودانی حاڵەتە کتوپڕەکانی.
 
د. سەڵاحەدین عوبێد راوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە بەریتانیا، نموونەی بە سیستمی تەندروستیی بەریتانیا هێنایەوە و گوتی، "لە بەریتانیا کاتێک کەسێک تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت، تەنیا 8 خولەکی پێدەچێت تاوەکو فریاگوزاریی سەرەتایی پێدەگات و دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، لەوێش تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ و تایبەتمەند ئامادەن و چاوەڕێی دەکەن بۆ ئەوەی راستەوخۆ چارەسەری پێویستی بۆ بکەن".
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، د. سەڵاحەدین عوبێد ئاماژەی بەوە کرد، "لێرە پزیشکی زۆر باش و بەتوانامان هەیە، بەڵام کێشەکە لە سیستمەکەدایە، دەکرێت سیستمی باشیشمان هەبێت کە بتوانێت خزمەت بە هاووڵاتییان بکات لە کاتە هەرە هەستیارەکاندا".
 
د. سەڵاحەدین عوبێد روونیکردەوە، یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکان لە ئەزموونی نەخۆشەکەدایە و گوتی، "لە هەرێمی کوردستان ئەگەر کەسێک تووشی جەڵتەی دڵ بێت، یەکەم شت بیر لەوە دەکاتەوە کە چارەنووسی چی دەبێت و دواتریش خەمی ئەوەیەتی کە چارەسەرەکەی چەندی تێدەچێت، ئەمەش بارگرانییەکی دەروونیی زۆر لەسەر نەخۆش و کەسوکارەکەی دروستدەکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە