چۆن جووینی زۆر مێشک لە ئەڵزهایمەر دەپارێزێت؟

رووداو - تەندروستی

توێژینەوە پزیشکییە نوییەکان دەریدەخەن کە پرۆسەی جووینی خواردن تەنیا بۆ هەرسکردن نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە تەندروستی مێشک، دابەزاندنی کێش و کەمکردنەوەی فشارەوە هەیە.
 
هۆراس فلێچەر، خۆراکناسی ئەمریکی ، کە بە جووەرە مەزنەکە دەناسرێت و جارێکیان پیازێکی 722 جار جوویبوو پێی وایە دەبێت خواردن هێندە بجوورێت تا دەبێتە شلەمەنی؛ تەنانەت فلێچەر پێی وابوو ئەگەر خەڵک زۆر بجوون، ئابووری ئەمریکا رۆژانە 19.5 ملیۆن دۆلاری ئێستا پاشەکەوت دەکات، چونکە خەڵک کەمتر خواردن دەخۆن.
 
ماتس ترولسۆن، پرۆفیسۆر لە پەیمانگای کارۆلینسکا لە سوێد دەڵێت، جووین وەک پەمپێک خوێن بۆ مێشک و ناوچەی "هایپۆکامپەس" رەوانە دەکات، کە بەرپرسە لە فێربوون و یادگە. هەروەها توێژینەوەیەک کە لە 14 وڵاتی ئەوروپی لەسەر 28 هەزار و 500 کەس ئەنجامدراوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی توانای جووینیان باشە، لە تاقیکردنەوەکانی هۆشدا نمرەی بەرزتر دەهێنن و کەمتر تووشی ئەلزهایمەر و تێکچوونی ژیری دەبن.
 
ئادەم ڤان کاسترین، زانای مرۆڤناسی لە پەیمانگای "ماکس پلانک" لە ئەڵمانیا، دەڵێت، مرۆڤە سەرەتاییەکان بەهۆی خواردنی رەق وەک تۆو و رەگی رووەک، شەویلگە و ددانی گەورەیان پەرەپێدابوو. ئەوان رۆژانە نزیکەی 6 کاژێریان بە جووین بەسەر دەبرد، بەڵام مرۆڤی ئێستا بەهۆی ئامرازەکانی لێنانی خواردن، تەنیا 35 خولەک کات بە جووین بەسەر دەبات.
 
توێژەرانی زانکۆی ئوترێخت لە هۆڵەندا دەریدەخەن کە جووینی زۆر (بۆ نموونە 40 جار بۆ هەر پاروویەک) دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە وزە و ماددە خۆراکییەکان باشتر هەڵبمژێت. ئەم پرۆسەیە هۆرمۆنەکانی تێربوون زیاد دەکات و هۆرمۆنی "گریلین" (برسییەتی) کەمدەکاتەوە. بەو پێیەی مێشک 20 خولەکی پێویستە تا هەست بە تێربوون بکات، جووینی خاو کاتی زیاتر دەداتە مێشک بۆ وەرگرتنی ئاماژەی تێربوون.
 
جووین تەنیا بۆ جەستە نییە، بەڵکو هۆشیاری بە رێژەی 10% زیاد دەکات. توێژینەوەیەک لە تورکیا لەسەر 100 خوێندکار ئەنجامدراوە و دەریخستووە کە جووینی بنێشت بۆ ماوەی 30 خولەک، فشار و خەمۆکی کەمدەکاتەوە. هەروەها لە کۆریا توێژینەوە لەسەر نەخۆشەکان کراوە و دەرکەوتووە جووین دڵەڕاوکێی پێش نەشتەرگەری کەمدەکاتەوە. زاناکان دەڵێن جووین لە کاتی فشاردا کاردانەوەیەکی سروشتییە.