زانکۆی دانانگ لە ڤێتنام: جەنگ هۆکاری چەندین نەخۆشی جیاوازە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ڤێتنام دەریدەخات، ئێستاش کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی جەنگ لەسەر هاووڵاتییانی ڤێتنام ماون.
توێژینەوەکە لە زانکۆی دانانگ لە ڤێتنام کرا کە ئەنجامەکانی دەریان خست، دوای 70 ساڵ لە جەنگی نێوان ڤێتنام و ئەمریکا ئێستاش کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی لەسەر هاووڵاتییانی ناوچەکە زۆرە، شێرپەنجە و شێواویی سکماکی لە دیارترین لێکەوتەکانی بوون.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، بەهۆی ئەو مادە کیمیاییە ژەهراوییانەی لەدوای جەنگ لە سرووشتی ناوچەکەدا ماونەتەوە نەخۆشییەکانی پێست، لاوازیی سیستمی بەرگری و نەزۆکی لە ناوچەکەدا زۆرن.
د. چارلس بەیڵی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "دوای هاتنی چوارەمین نەوەی دوای جەنگ ئێستاش کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر جەستە و دەروونی هاووڵاتییان ماون، بۆیە دەتوانرێت بگوترێت جەنگ تەنیا ئەو ساتە نییە کە روودەدات، بەڵکو لە داهاتووشدا لێکەوتە تەندروستییەکانی دەمێننەوە"