زانکۆی مۆناش: هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێی پیاوان بۆ خانمانیش دەگوازرێتەوە
رووداو - تەندروستی
هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێی هاوژینەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، واتا ئەگەر خانمێک کۆئەندامی زاوزێی تووشی هەوکردن بووبوو و پاشان چارەسەری وەرگرت رەنگە دووبارە ببێتەوە ئەگەر هاوژینەکەشی چارەسەر وەر نەگرێت، توێژینەوەیەکمان هەیە لە زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا کە دەریدەخات، هەندێکجار چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێی پیاوان، ئەگەری هەوکردنی بەکتریایی زێی خانمان کەم دەکاتەوە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، دەکرێت پیاوانیش هەڵگری ئەو جۆرە بەکتریایانە بن کە دەبێتە هۆی هەوکردنی زێی خانمان، بەتایبەتی لە بەشی کۆتایی بۆڕیی میز و ژێر پێستی سەری ئەندامی نێرینەدا، هەر بۆیەش یەکێک لە چارەسەرەکانی هەوکردنی زێی خانمان چارەسەرکردنی پیاوەکەیەتی.
هەر لە توێژینەوەکەدا هاتووە، هەندێکجار پیاوان لە کاتی سێکسدا بەکتریاکە دەگوازرێتەوە بۆ خانمان، بەمەش مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەوکردنی بەکتریایی ئەندامی زاوزێی خانمان زیاد دەکات.
د. جۆن کالدۆر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت "لە رابردوودا دەرمانی دژەبەکتریا تەنیا بە خانمەکە دەدرا، بەڵام ئێستا پێویستە پشکنین بۆ پیاوانیش بکرێت، ئەگەر پیاوەکە هەڵگربوو پێویستە دەرمان و کرێمی دژە بەکتریای بۆ ئەندامی زاوزێی بەکاربهێنێت".