بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە و قەڵادزێ دەستیان لەکار کێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە تەندروستی ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، هەردوو بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە و قەڵادزێ دەستیان لەکار کێشایەوە.
دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دوو بەڕێوەبەرەی رانیە و قەڵادزێ دوای ئەوە دێت کە 15ی ئەم مانگە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەستلەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند و گوتی، هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە و داوایکرد کەسێکی دیکە بۆ شوێنی من دەستنیشان بکرێت.
دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین لەکاتێکدایە کە خەڵکی ناوچەکە گلەییەکی زۆر لە بەرپرسانی تەندروستیی شارەکە دەکەن. هەروەها بەشێکی زۆر لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان مانگرتنیان راگرتووە.
دوای دیبەیتێکی رووداو لەبارەی دۆخی تەندروستیی راپەڕینەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی رانیە و هەردوو بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە و قەڵادزێ دەستیان لەکار کێشایەوە.