رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵمەتی "لونای پەمەیی" دەربڕی و رایگەیاند، هەڵمەتەکە وەڵامدانەوەیەکی زۆر باشی هەبووە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان بەهۆیەوە سەردانیان کردوون بۆ پشکنینی پێشوەختە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-10-2025 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە و هۆکارەکانیشی بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست و شیرپێنەدانی دایکان بە منداڵەکانیان و چەند هۆکارێکی دیکە گەڕاندەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، جەختی لەوە کردەوە کە نەخۆشخانەکەیان زۆرترین چارەسەری شێرپەنجەی مەمک پێشکێش دەکات، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆری دەرمانەکانەوە، ناتوانن 100%ی چارەسەرەکان دابین بکەن. روونیکردەوە کە دەرمانە گرانبەهاکان زیاتر لە قۆناخەکانی سێ و چواری نەخۆشییەکەدا بەکاردێن و زۆرجار دەستناکەون، لە کاتێکدا چارەسەر لە قۆناخەکانی یەک و دوودا زۆر ئاسانتر و کەم تێچووترە.
د. یاد نەقشبەندی، داوای لە خانمان کرد کە بەدەم بانگەوازی هەڵمەتی "لونای پەمەیی"یەوە بچن و پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن. هەروەها گوتی: "گرێبەستی کڕینی دەرمانمان ساڵانە سەروو 100 ملیار دینارە، لە کاتێکدا دەتوانین بە ملیارێک دینار ئامێری مامۆگرام بۆ هەر چوار شارەکەی هەرێم دابین بکەین."
ناوبراو داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئامێری مامۆگرام بۆ پشکنینی پێشوەختە دابین بکات و گوتی: "دەبێت ئێمە لە دەرگای شێرپەنجە بدەین، نابێت شێرپەنجە لە دەرگای ئێمە بدات."
بە گوتەی د. یاد نەقشبەندی، لە پارێزگای سلێمانی ئەم ساڵ تاوەکو 1ـی ئەیلوول دوو هەزار و 800 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون، نزیکەی 20% بۆ 21%ی تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن، کە لەهەمان کاتدا زۆرترین رێژەی چاکبوونەوەش لەم جۆرەی شێرپەنجەدا تۆماردەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ