لە رانیە، بۆ پشتگیریی هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' سیمینارێک بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان بەڕێوەچوو
رووداو - تەندروستی
لە درێژەی چالاکییەکانی مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک و بۆ پشتگیریکردن لە هەڵمەتی "لونای پەمەیی"، لە شارۆچکەی رانیە سیمینارێکی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک بۆ ژمارەیەک لە خانمان رێکخرا.
دیدەن عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی رانیە، رایگەیاند، "دایکان و خوشکانی قوتابیانمان بانگکردووە و سیمینارێکمان لەرێگەی پزیشكێکی پسپۆڕەوە بۆ رێکخستوون بۆ هۆشیارکردنەوەیان لەبارەی مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە."
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ستایشی هەڵمەتەکەی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی، "دەستخۆشی لە هەڵمەتی لونای پەمەیی دەکەم و هۆشیارییەکی زۆری لەنێو خانماندا بڵاوکردووەتەوە."
هەڵمەتی "لونای پەمەیی" هەڵمەتێکی فراوانی تۆڕی میدیایی رووداوە کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەدەچێت، کە بە مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک لە جیهاندا ناسراوە. ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکە هاندانی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە، چونکە دەستنیشانکردنی زووی نەخۆشییەکە، چارەسەرکردنی ئاسانتر دەکات.