ئایا مەڵتی ڤیتامینەکان یارمەتی تەندروستهێشتنەوەی جەستە دەدەن؟

رووداو- دیجیتاڵ

بەکارهێنانی مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان لەلایەن بەشێکی خەڵکی لە جیهاندا شتێکی بەربڵاوە، بەپێی ئامارەکان سێ لە چوار ئەمریکی مەڵتی ڤیتامین بەکاردەهێنن کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە زۆربەی خەڵکی پارەیەکی زۆر سەرف دەکەن لە کڕینی مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکانی دیکە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بە تەندروستی بمێننەوە، بەڵام ئایا مەڵتی ڤیتامینەکان دەبنەهۆی تەندروستهێشتنەوەی جەستە؟


توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆرناڵی BMJ بڵاوکراوەتەوە، بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە کە سوودەکانی مەڵتی ڤیتامینەکان لەسەر جەستە چین.

لە توێژینەوەکەدا بەدواداچوون بۆ 21 هەزار کەس کراوە، کە 4933 کەسیان بەردەوام مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکانیان وەرگرتووە، لەبەرامبەردا 16670 کەس وەریان نەگرتووە.

پزیشکە توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە، توانای جەستەیی و دەروونی ئەوانەی مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکانیان وەرگرتووە، هەمان ئەندازەی ئەوانە بووە کە وەیان نەگرتووە و هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە.

پزیشکەکان لە توێژینەوەکەدا نووسیویانە، ئەوانەی مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان وەردەگرن ئەرێنیتر بیردەکەنەوە و کە ئەمەش دەکرێت بەهۆی ئەوە بێت دەروونییان ئارامە و پێیانوایە بە وەرگرتنی ئەو ڤیتامینانە تەندروستترن.

پزیشکە بەریتانییەکان کە ئەم توێژینەوەیەیان ئەنجامداوە دەڵێن، تەنیا لە هەندێک باردا نەبێت بۆ نموونە ئەگەر کەسێک کەمی ڤیتامینێک یان کانزایەکی هەبێت یاخود خانمێکی دووگیان بێت و پێویستی جەستەی پڕبکرێتەوە ئەگینا بۆ خەڵکی گشتی کە هیچ کێشەیەکیان نەبێت هیچ پێویست ناکات مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان وەربگرن.

ئارۆن ئێمێل، پزیشکی دەرمانسازی دەڵێت، ئەو بیروبۆچوونە لەنێو خەڵکی بەربڵاوە کە پێیانوایە ئەگەر مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان وەربگرن تەندروستترن بەڵام ئەمە هەڵەیە، دەمێکە توێژینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە مەڵتی ڤیتامینەکان و تەواوکەرە خۆراکییەکان سوودێکی ئەوتۆیان نییە.

ئێڤی وایتهێد، پسپۆڕی زانستی خۆراک لە ئەمریکا دەڵێت، خۆراکی تەندروست دەتوانێت هەموو رەگەزە خۆراکییە گرنگەکان و ڤیتامینەکانمان پێبدات، بەڵام هەندێکجار ئەگەر کەسێک کەمی ڤیتامینێک یان کانزایەکی هەبێت لەوانەیە نەتواندرێت ئەو کەمییە بە خۆراک پڕبکرێتەوە بۆیە ئێمە ئەو کات ڤیتامین یان تەواوکەرە خۆراکییەکانی بۆ دەنووسین.

پسپۆڕەکەی خۆراک رێنماییدەدات خۆراکی تەندروست بخورێت، چونکە بە خۆراکی تەندروست هیچ پێویستییەکت بەوە نییە ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان بکڕیت.