توێژینەوەیەک لە ئەمریکا: لە رێگەی یارییەکەوە دەتوانیت مێشک بەهێزبکەیت

رووداو - تەندروستی

زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا ئاماژەبەوە دەکات یارییەکی ڤیدیۆیی راهێنانی مێشک دەتوانێت ئاستی ماددەی کیمیایی گابا (GABA) لە مێشکدا بەرزبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یادەوەری و توانای ئەنجامدانی چەند کارێک پێکەوە لە کەسانی بەساڵاچوودا.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا بۆ ماوەی چوار هەفتە کراوە دەریخستووە ئەنجامدانی یاریی "Brain Age" بۆ ماوەی 4 هەفتە و هەر هەفتەی 5 رۆژ و رۆژانە 15 خولەک دەبێتە هۆی باشتربوونی توانای  یادەوەریی و خێراییی چارەسەرکردنی کێشەکان لای گەنجان.
 
 زانکۆکەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە ئەو کەسانەی یارییەکەیان کردووە، نەک هەر لە تاقیکردنەوەکانی یادەوەریدا باشتر بوون، بەڵکو پشکنینی EEGـی مێشکیان زیادبوونێکی بەرچاوی لە ماددەی گابا (GABA) نیشانداوە. 
 
دانیال سیمۆنس، پرۆفیسۆری دەروونناسی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: "ئامانجی راهێنانی مێشک ئەوەیە کە ئەگەر راهێنان لەسەر کارێک بکەیت کە پشت بە بەشێکی سەرەکی توانا هزرییەکان دەبەستێت، وەک یادەوەری، ئەوا راهێنانەکە توانای تۆ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی دیکەش باشتر دەکات کە پشتیان بە یادەوەری بەستووە."
 
دانیال سیمۆنس ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت رێگەیەکی نوێ بێت بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کێشەی لاوازبوونی یادەوەرییان هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ چوونە تەمەنەوە.