پەیمانگەی نابینایان پێشوازی لە 80 قوتابی دەکات؛ بەشە نێوخۆیی گەورەترین کێشەیانە

رووداو - تەندروستی

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، پەیمانگەی نابینایان پێشوازی لە 80 قوتابی دەکات و بەڕێوەبەری پەیمانگەکەش دەڵێت، حکومەت گرفتی گواستنەوەی بۆ چارەسەر کردوون، بەڵام هێشتا کێشەی نەبوونی بەشە نێوخۆییان هەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-9-2025 حەسەن یوسف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی نابینایان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "زۆر دڵخۆشین کە حکومەت گرنگی بە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان دەدات و کەشێکی لەبار بۆ قوتابییەکانمان رەخساوە. گرفتی ئامرازی گواستنەوەمان هەبوو، خۆشبەختانە حکومەت بۆی چارەسەرکردین."
 
بەڕێوەبەری پەیمانگەکە ئاماری قوتابییەکانی ئەم ساڵی خوێندنی ئاشکرا کرد و گوتی: "ساڵی رابردوو 9 قوتابیمان دەرچوون و ئەمساڵيش 13 قوتابیی نوێمان وەرگرتووە، ئێستا کۆی گشتیی قوتابییەکانمان 80 قوتابین."
 
سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانیان، حەسەن یوسف گوتی: "هەرچەندە کێشەی گواستنەوەمان بۆ چارەسەر کراوە، بەڵام هێشتا گرفتی نەبوونی بەشە ناوخۆیی و ئامرازی گواستنەوەمان بۆ ئەو قوتابییانە هەیە کە لە شوێنە دوورەکانەوە دێن."