بە بڕیاری مەسرور بارزانی 400 ملیۆن دینار بۆ کەرتی تەندروستیی دەڤەری راپەڕین خەرج دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی 400 ملیۆن دینار بۆ کەرتی تەندروستیی دەڤەری راپەڕین دەدات.
 
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکرنی بڕی 400 ملیۆن دینار وەک هاوکاری بەپەلە بۆ کەرتی تەندروستی دەڤەری راپەرین دەدات.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-10-2021 بڵاوکراوتەوە "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئۆکتۆبەری 2021 رەزامەندیی لەسەر خەرجکرنی بڕی 400 ملیۆن دینار دا وەک هاوکاریی بەپەلە بۆ کەرتی تەندروستیی دەڤەری راپەرین".
 
وەک لە راگەیێندراوەکە ئاماژەی پێدراوە "بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ مەبەستی دانانی سیستەم و تۆڕی ئۆکسجین و گازی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی ژیان خەرجدەکرێت و بڕی 150 ملیۆن دیناریش بە مەبەستی دابینکرنی پێداویستی پزیشکی بۆ دەڤەرەکە خەرج دەکرێت".
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کە رۆژانە ئاماری تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاودەکاتەوە، رۆژی چوارشەممە 20-10-2021،  1154 تووشبووی نوێ و 17 گیانلەدەستدان تۆمارکراون.
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 266 هەزار و 979 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 352 هەزار و 141 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 327 هەزار و 960 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و شەش هەزار و 176 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 18 هەزار و پێنج تووشبووش لەژێر چارەسەردان.