دەستەی راگەیاندنی عێراق داوا لە میدیاکان دەکات خانمان لە مەترسیی شێرپەنجەی مەمک هۆشیار بکەنەوە

21-10-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە فەرمانێکی کارگێڕی ژمارە (902)، داوای لە سەرجەم دامەزراوە میدیاییەکانی وڵات کرد، دەستپێشخەریی جدی بکەن بۆ بەهێزکردن و رۆشنبیرکردنی خانمان لەبارەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەکە، ئەم بانگەوازە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان دێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو نەخۆشییانە دادەنرێت کە هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان خانم دەکات لە سەرانسەری جیهاندا.
 
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، جەختی لە گرنگیی هۆشیارکردنەوە کردووەتەوە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی شێواز و رێگاکانی خۆپارێزی و پشکنینی پێشوەختە، کە بە هۆکارێکی کاریگەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت.
 
لە بانگەوازەکەیدا، دەستەکە داوای لە میدیاکان کردووە کە "کەمپەینی هۆشیاری رێکبخەن لە رێگەی تەرخانکردنی کاتی پێویست لە بەرنامەکانیاندا بۆ باسکردنی ئەم بابەتە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە."
 
لە ماوەی رابردوودا، هەڵمەتی "لونای پەمەیی" کە بۆ هۆشیاریی خانمانە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو راگەیانرا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختەی مەمک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە